لە بەرەبەری ساڵیادی شەهیدبوونی ڕێبەری ناوازەی کورد، دکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، لە قەڵای دێموکرات سیمینارێک تایبەت بە قوناخە فکریی و ئەندیشەکانی ئەو ڕێبەرە مەزنە بەڕێوەچوو.
کۆمیسیۆنی ڵێکۆڵینەوەو ئامووزشی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی ساڵیادی تیرۆری دکتور قاسملوو و هاوڕێیانی سیمینارێکی بۆ سمایل بازیار، کادری لێهاتووی حیزب و، مامۆستای زانکۆ پێکهێنا.
ئەو سیمینارە پێشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕی ٩٦ی هەتاوی لە یەکێک لە سالۆنەکانی دەفتەری سیاسیی حدک بەڕێوەچوو، دوای ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ یادوناوی سەرجەم شەهیدانی کورد وکوردستان ، مامۆستا سمایل بازیار باسەکەی لە ژێرناوی “دکتور قاسملوو ناسیونالیزم و، ئەندیشەی چەپ” دەسپێکرد.
ناوبراو سەرەتا بە ئاوردانەوەیەک لە ژیانی سیاسیی قاسملووی کوردان، قوناخە جیاجیا و ڕەهەندە فیکرییەکانی دکتور قاسملووی بۆ ئامادەبووان شیکردەوە.
کوڕگێڕ روانگە وفکرییەتی دوکتور قاسملووی لە ژێرناوی قوناخی یەکەم بە “دوو ڕەهەندی نەتەوەییبوون و عەداڵەتخوازی” پولێنبەندی کرد و، لەسەر هەرکام لەوانە هەڵوەستەی لەسەر کرد و لایەنە شاراوەکانی بۆ بەشداربووان خستەڕوو.
سمایل بازیار لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا، باسی لە هۆکاری چەپبوونی دکتور قاسملوو کرد و، لەو بارەوە چەندین هۆکاری مێژوویی باس کرد.
“وەکوو کاریگەریی فەزای سیاسیی تاران، ئەوکات کە لەوێ خوێندکار بوو ،دوویەم زاڵبوونی وێژمانی چەپ لەو سەردەمەدا کە قاسملوو لە کاتی گەشە کردن وخوێندکارێک بو لە پاریس و ، دەتوانین بڵێین بیرۆکەی چەپ کەشێکی زاڵبوو بەسەر جیهان و بێ گومان لەسەر قاسملووی لاو کاریگەریی دانابوو، بەڵام هەموو کات وەکوو چەپێکی ڕەخنەگر دەیڕوانیە چەمکەکان و، چەمکی نەتەوەخوازیی لە ئەندیشەی قاسملوو جێگەی تایبەتی هەبوو”.
سمایل بازیار مامۆستای زانکۆ، لە دریژەی قسەکانیدا باسی لە ئاڵوگۆری فیکری و ڕوانگەیی کرد کە بەسەر دوکتورقاسملوو دا هات و، کە بە وردی لە بەرەهەمەکان و هەڵسوکەوتی سیاسی ئەو ڕێبەرە بە دی دەکرێ.
وەرچەرخانی فیکری واتە لە چەپێکی کورد بۆ کوردێکی چەپ، قوناخێکی گرینگی فیکری وهزرییە لە دوکتور قاسملوو کە کوڕگێڕ لە سەر ئەو باوەڕەبوو، لە دوای ساڵی ١٩٧٠ی زایینی کاتێک دکتور قاسملوو بۆ بە سکرتێری حیزبی دێموکرات ،نەتەوەخوازیی دەبێتە چەمێکی زاڵ لە بیرکردنەوەکانی دکتور قاسملوو و، هەتا کاتی شەهیدبوونی لەو بارەوە باوەڕمەند مایەوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو سیمینارە سمایل بازیار بە پشتبەستن بە فاکت و بەڵگە مێژووییەکان و نموونە هێنانەوە لە بەرهەمە نووسراوەکانی دوکتورقاسملوو و هەروەها لێدوانەکانی وەڵامی هێندێک رەخنە و تێبینی لەسەر بۆچوونی دوکتور قاسملوو بۆ پرسی نەتەوەخوازیی و سەربەخۆیی کوردستان دایەوە و، لەو بارەوە گوتی ؛ لە بەرهەمەکانی دوکتور قاسملوو بە سەرەنجدان دەردەکەوێ کە ئاسۆی دووری ئەندیشەی دوکتور قاسملوو سەربەخۆیی کورد و تەنانەت کوردستانی گەورە بووە.
سمایل بازیار بە خستنەبەرباسی قوناخێکی دیکە لە ڕوانگە وئەندیشەکانی دکتور قاسملوو ، هەنگاونان لە چەپێکی ڕادیکاڵ بۆ چەپێکی میانەڕەو بە قوناخی دوویەم لە ئەندیشەکانی دوکتور قاسملوو لە قەڵەم دا.
لە بەشی کۆتایی ئەو سیمینارە مامۆستا سمایل بازیار باسی لە سێ باوەڕی دکتور قاسملوو کرد کە هەتا دوایین هەناسەی ژیانی گۆڕانی بەسەردا نەهات و وەکوو سێ کوچکەیەکی قورس وقایم لە ئەندیشەکانیدا مانەوە
کە بریتین لە؛ چارەنووسی میللەتەکەی، عەداڵەتخوازی، چارەنووسی حیزبی دێموکرات.
شایانی باسە بەشێکی بەرچاو لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزب لەو سیمینارەدا بەشدار بوون.