مەجلیسی سەنای ئا‌مریكا بە ٩٨ دەنگی به‌ڵێ له به‌رامبه‌ر ته‌نیا یه‌ک ده‌نگی ” نا”دا ئه‌و گەڵاڵەیەی په‌سند کرد سه‌باره‌ت به تاوتوێی چۆنیه‌تیی ڕێککه‌وتنی ئه‌تومی له گه‌ڵ ئێران بۆ كۆنگرەی ئەم وڵاتە نێردرابوو.
كۆنگرەی ئا‌مریكا لە سەنا و مەجلیسی نوێنەرانی ئەم وڵاتە پێك هاتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە هەواڵدەرییەكان، ئەم گەلاڵەیهی كە لە مه‌جلیسی سەنادا پەسند كرا، ڕێگە بە كۆنگرەی ئا‌مریكا دەدا لە ماوەی مانگێكدا تاوتوێی هەر چەشنە ڕێككەوتنێكی ناوكیی لەگەڵ ئێران بكا و تەنانەت ئەگەر پێویست بێ هه‌ڵیوه‌شێنێته‌وه.
بەوتەی بینێر، مەبەستی كۆنگرە ئەوەیە ڕێگری لە هه‌ر چه‌شنه ڕێككەوتنێكی خراپ و به‌زه‌ره‌ر لەگەڵ ئێران بكا، ڕێككەوتنێك كە كۆماری ئیسلامی بتوانێ خۆی بە چەكی ناوكی تەیار بكا‌و ببێتە هۆی ڕكەبەری چەكو چۆڵی ناوكی لە ناوچەکهداو دەوڵەتی ئێران بەم پێیە بەهێزتر بێ‌و زیاتر ده‌ستی له هاوکێشه‌کاندا ئاوه‌ڵا بێ.
گەڵاڵەی پەسند كرا‌و لەلایەن سەناتۆرەكانی هەر دوو حیزبی دێمۆكرات‌و كۆماریخوازەوە پشتیوانیی لێدەكرێ و چاوەڕوانی ئەوەش هەیە كە مەجلیسی نوێنەرانی ئامریكاش، لەم حەوتوویەدا تاوتوێی ئەم گەڵاڵەیە بكا‌و په‌سندی بکا.
هەواڵدەریی ئاسۆشێتێدپریس دەنگی متمانەی ٩٨ ده‌نگ لە بەرامبەر تاق یه‌ک ده‌نگی “نا”ی سەنای بۆ په‌سندکردنی ئەم گەڵاڵەیهی بە سەركەوتنی قانووندانەرانی ئا‌مریكا لە بەرامبەر دەوڵەتی ئۆبامادا زانیوە كە ئه‌و سەرەتا هەڕەشەی ئه‌وه‌ی دەكرد هەر چەشنە گەڵاڵەیەكی لەم شێوەیە ڤێتۆ دەكا.
شایانی باسه بێتوو ئەم گەڵاڵەیهی سەنا بۆ دواجاریش پەسند بكرێتەوە، ڕێگری لەوە دەكا كە دەوڵەتی ئۆباما لە ماوەی چاوپێداخشاندنەوەی دوایین ڕێككەوتندا، گەمارۆكانی سەر ئێران كەمتر بكاتەوەو ئەم ڕێژیمە ناچار ده‌کا هەر بە ٣ مانگ جارێك، پێبەند بوونی خۆی بە دەقی ئەم ڕێكەوتنامیە ڕابگەیەنێ. هەروەها سەنای ئا‌مریكا دەتوانێ هەڵگیران یان هەڵنەوەشانەوەی گەمارۆكان بخاتە پرۆسەی دەنگدانەوە.