بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی “دەیلی سەباحی” تورکیە، تاران، مسکۆ و ئانکارا لەبارەی دابڕینی شاری عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان و خستنەسەر خاکی تورکیە لە حاڵی وتووێژدان.
ڕۆژنامەی دەیلی سەباح، لە زمان سەرچاوە دیپلۆماتەکانی تورکیە ئاشکرای کرد کە ئێران و ڕووسیە سەقاڵی وتووێژ و داڕشتنی پڕۆژەیەکن، کە ئەگەر بێتو تورکیە ڕازی بێ، ئامادەن لە بەرانبەر دەستبەرداربوون لە ڕۆژئاوای کوردستان، شاری عەفرین بخەنە سەر خاکی تورکیە.
شاری عەفرین کە شارێکی گرنگ و ستراتیژییە و لە دوایین خاڵی سنووریی ڕۆژئاوای کوردستانە لەگەڵ دەریای سوور، ئێستا لە کۆنترۆڵی یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) دایە.
هەمان سەرچاوە تورکیە لەبەر هەستیاریی ئەم پرسە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێ، ئاماژەی بەوەش کردووە کە ناوچەی عەفرین دەتوانێ ببێتە هەرێمی نفووزی ئانکارا، لە بەرانبەردا ئەگەر ئەو وڵاتە ویست و چاوەڕوانییەکانی تاران و مسکۆ لەبارەی ناوچەکانی دیکەی سووریا و کوردستانی ڕۆژئاوا بەدی بێنێت.
لە هەمان ڕاپۆرتدا هاتووە “لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا چەندین ڕاپۆرت لەبارەی خۆ تەیارکردنی سوپای تورکیا بۆ هێرشی سەربازی بۆ سەر عفرین بە هاوکاریی سوپای ئازادی سووریا بڵاو کرایەوە، کە بەهۆی ئەم دانوستانانە ئەو هێرشە سەربازییە جارێ ڕاگیراوە.”
چالاکوانانی سیاسیی کورد لەو باوەڕە دان هەموو هەوڵ و ئامانجەکانی ئێران، تورکیە و ڕووسیە بۆ ئەوەیە کە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان دەستیان بە دەریا و ڕێگەی ئازاد ڕانەگا.