«من کرێکارم»
لە ئەشکەوتا ئاگرم کردەوە
گۆشتم برژاند بۆ سەرۆکی عەشیرە
خۆم برسیم بوو
کەشتیم ساز کرد بۆ نووح
برسیم بوو
بەشی حەوت ساڵ دروێنەم کرد بۆ یوسف
برسیم بوو
بە مشتم رووباری «نیل» م هەڵگۆزی
بۆ پەڕینەوەی مووسا
برسیم بوو
باخەوانیم کرد بۆ ئەفلاتوون
برسیم بوو
لەشی رزیووی مەسیحم لە خاچ داگرت
برسیم بوو
دیواری چین لە لەشی منە
برسیم بوو
نیوەشەو مەیتەری ئەسپەکەی کوورش بووم
برسیم بوو
لە نێو بەردی گرانیتا
گۆڕم هەڵکەند بۆ شا و فیرعەون و ئیمپراتۆرەکان
برسیم بوو
لە ماڵی گالیلۆ کارم کرد
برسیم بوو
خانووم بۆ هێگل و نیچە و ڤۆڵتێر سازکرد
برسیم بوو
چەند جارێ ماڵە کۆنەکەی مارکسم گڵەبان کرد
هەر برسیم بوو!
قەتار و ماشێن و فڕۆکەم دروستکرد
برسیم بوو
هەزاران پایتەختی گەورە و بینای بەرزو
ئوتووبانی درێژم سازکرد
برسیم بوو
کۆمپیۆتەرم دروستکرد
هەر برسیمە!
سبەی لە بەهەشت
دەبێ شیر و هەنگوێن بکەمە نێو جۆگەلەکان
بەرهەیوانی کۆشکە پڕ لە حۆرییەکان گسک بدەم
رەنگە هەر برسیم بێ!
لە دۆزەخیش
دەبێ ئاگر خۆشکەم بۆ سزدادانی گوناحبارەکان
گۆشت ببرژێنم بۆ ئەژدیهاکان
رەنگە هەر برسیم بێ!