بەشێک لە چالاکانی سیاسی و هەڵسووڕاوانی بواری مافی مرۆڤ بۆ جارێکی دیکە داواکارن کە بە هەوڵ و ماندووبوونی لایەن و ڕێکخراوە کوردستانییەکان کار بۆ دەستەبەر کردنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل بۆ محەممەد سدێق کەبوودوەند بکرێ.
ئەو کۆمیتەیە وێڕای بڵاو کردنەوەی بانگەوازێک ڕایگەیاندوە کە بۆ چوارمین جار دەیانهەوێ محەممەد سدێق کەبوودوەند ناسراو بە باوکی مافی مرۆڤی کوردستان بەربژێری بکرێ بۆ وەرگرتنی خەڵاتی جیهانیی ئاشتیی نوبێل.
لە بەشێک لەو بانگەوازەدا هاتووە؛
ئەمساڵ لە کاتێک دا جارێکی دیکە هەوڵەکانمان بە مەبەستی دەستەبەرکردنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل بۆ رێزدار محەممەد سەدیقی کەبوودوەند، سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان دەست پێ کردوەتەوە کە بە پێچەوانەی سێ جاری پێشوو، بە خۆشیەوە ئەو چیدی لە پشت میلەکانی زیندان نییە. کەبوودوەند کە بە تاوانی دامەزراندنی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان و بەرز کردنەوەی سکاڵاکانی پێوەندیدار بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران بۆ سەرۆکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ماوەی دە ساڵ زیندانی بە سەردا سەپێندرابوو، سەرەنجام رۆژی ١٢ی مەی ٢٠١٧، دوای دە ساڵ زیندان، بە سەربەرزی گەڕایەوە باوەشی کۆمەڵگای کوردستان.
لە درێژەی بانگەوازی کۆمیتەی کار بۆ وەرگرتنی ئاشتیی نوبێل هاتووە،
ئێمە لە “کۆمیتەی کار بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل”، وەک ئەرکێکی ئینسانی و نەتەوەیی، بۆ پیزانینمان لە بەرامبەر خەبات و تێکۆشانی مرۆڤدۆستانەی محەممەد سەدیقی کەبوودوەند، ئەو بە شیاوترین کاندیدای خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل دەزانین. هەر بە پێی ئەم باوەڕەشمانە کە لە ساڵی ٢٠١١ تا ئێستا، ئەمە چوارەمین جارە هەوڵەکانمان بۆ ئەم مەبەستە دەخەینە گەڕ. بەڵام ئەگەر هاوکاریی حیزبی چەپی نۆروێژ (SV) نەبا، بێگومان نەماندەتوانی لەم بارەوە هەنگاو باوێژین. ئەمساڵیش بۆ جارێکی دیکە سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە لایەن حیزبی چەپی نۆروێژەوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل کاندیدا کراوەتەوە. بۆ سەرخستنی ئەم هەوڵەش جارێکی دیکە دەستی هاوکاری و وەرگرتنی پشتیوانی بۆ سەرجەم حیزب و رێکخراو و کەسایەتییە سیاسی و مەدەنیەکانی کوردستان، بە دەر لە بۆچوونە جیاوازەکان و تەنیا لە سەر بنەمای باوەڕ بە مافی مرۆڤ و مافی مرۆڤی کورد، درێژ دەکەین.