خوێندکارێکی کورد، خەڵکی شاری دیواندەڕە سەربە پارێزگای سنە بە هۆکاری نادیار گیانی لە دەست دا.
لاوێکی خوێندکارێکی تەمەن ٢٣ ساڵ بە ناوی ئازاد محەممەدی” خەڵکی گوندی “کانی چەرمووی” شاری دیواندەڕە لە زانکۆی ساری سنە بە هۆکاری گوماناوی گیانی لە دەست دا.
دایکی ئەو خوێندکارە ڕاگەیاند: ئازاد لە کاتی چاولێکردنی یاری تۆپی پێی دەبێ، کارەبا دەپچرێ و لە کاتی چاککردنەوەی کارەبا تووشی کارەبا گرتوویی دەبێ.
بەپێی زانیاریی ئەو سەرچاوەیە، ئەو خوێندکارە کوردە پێش گەیشتنی بۆ نەخۆشخانەی شاری دیواندە گیانی لە دەست دابوو.
هەروەها دەڵێ: دوکتوری نەخۆشخانەی شاری دیواندەڕە بەو بنەماڵەیەی ڕاگەیاندووە، دەوری ملی ڕەش هەڵگەڕابوو و ئەمەش نیشان دەدا، یان خۆی کوشتووە یان کوشتوویانە.
لەسەر بڕیاری دوکتوری نەخۆشخانەی شاری دیواندەرە، تەرمی ئەو خوێندکارە کوردە بۆ پزیشکی قانوونیی شاری سنە بەڕی دەکەن و ڕۆژی دواتر تەرمەی ڕادەستی بنەماڵەکەی دەکەنەوە.
هەروەها پزیشکی قانوونیی شاری سنە ڕاگەیاندووە، کە شوێنەواری لێدان لە سەر جەستەی ئەو لاوە کورد دیار بووە و ئەگەری زۆرە کە لەلایە کەس یان کەسانێک کوژرابێ.
شایانی باسە کە دوو ساڵ پێش برایەکی ئازاد کە تەمەنی ٢٣ ساڵ و خوێندکاری پزیشکی بووە، لە هەمان شوێن کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێ.