پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەمە ٦/٧/٢٠١٧ شاندێکی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان بەسەرپەرەستی پێشەوا عەلیپوور سکرتێری گشتیی، پێشوازییان کرد لە شاندێکی یەکیەتیی لاوانی کوردستان بەسەرپەرەستی رێباز هاشم سکرتێری گشتیی ئەو ڕێکخراوە.
لەو دیدارەدا سەرەتا پێشەوا عەلیپوور وێڕای بەخێرهاتن کردنی شاندی میوان باسی لە هەلومەرجی کوردستان و دۆخی لاوانی کورد کرد و، بە ئاوڕدانەوە لە پرسی کۆڵبەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەو قەیرانانەی کە بەرۆکی لاوانی کوردی گرتۆتەوە ئاماژەی بە بەستنی کۆنفڕانسی لاوانی چوارپارچە کرد بۆ لێک تێگەیشتنی زیاتری نێوان لایەنەکانی لاوان و دۆزینەوە نەخشە رێگایەک کە هیوا و هومێد بۆ لاوانی کورد دروست بکات و، رێکخراوەکانی لاوان ئەرکدار بکرێن لەهەمبەر پەروەردەی لاوان لە هەموو بوارەکاندا.
پاشان رێباز هاشم ئاماژەی بە تێکۆشانی خۆیان و ئەندامبوونیان لە رێکخراوێکی جیهانی تایبەت بە لاوان کرد تەئکیدی کردەوە کە لەو رێکخراوەدا نوێنەرایەتی هەموو لاوانی کورد بێ جیاوازی بکەن، هەروەها بەڕێزیان ئاماژەی بە لێکتێگەیشتن و لێکنزیکبوونەوەکانی نێوان دوو لایەنی دێموکرات کرد و، هیوای سەرکەوتنی بۆ ئەم پڕۆسەیە خواست.
لە کۆتاییدا هەر دوولا وێڕای هاودەنگی لەسەر کۆمەڵێک پرس پێداگریان لەسەر درێژەدان بە تێکۆشان و کاری هاوبەش کرد.