پێرفۆڕمانس نواندنێکی سەردەمیانە، زیندوو، ڕاستەوخۆ و خێرایە کە زۆر جار بینەریش ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشداریی پێدەکرێ، یان تێوەدەگلێ. زۆرجار پێرفۆڕمانسکار بیرۆکەکانی هەر ئەوچرکەساتە بەزەین دەگا و ئەگەر خێرا بەکردەی نەکا، کارەکەی ئەو زیندوویەتییەی لە کاری کوتووپڕدایە، نایبێ.
پێرفۆڕمانس زۆرتر بەشێوەی تاکەکەسی بەڕێوەدەچێ، بەڵام دەکرێ بە گرووپیش بکرێ؛ دەتوانین پێرفۆڕمانس لە هەموو جێگایەک بەڕێوەی ببەین. بۆنموونە شەقام، کۆڵان، پارک، شوێنە گشتییەکان، هەڵبەت هێندێک پێرفۆڕمانس هەماهەنگیی یاسایی پێویستە، چوونکە لەوانەیە ڕواڵەتێکی تۆقێنەرانەی هەبێ بۆ ئەو کەسانەی ئامادەییان نییە. پێرفۆڕمانس پێویستی بە کەرەسە و ئامادەکاریی زۆر نییە. بۆیە کەم کێشە و کەم تێچوویە بۆ نواندن یان هەڵوێستگرتنر بە جەستە کە ئێستا بووە به بەشێک لە هونەری مۆدێڕن. دووبارەی دەکەمەوە، پێرفۆڕمانس نواندن و دژکردەوە یان کردەوەیەکی هونەریی تەواو کوتووپڕ و بێ پلانە کە بە جەستەی مرۆڤ دەکرێ. بۆ نموونە لە خۆپیشاندانێکدا ئەوکەسەی کە دەچێتە ژێر کاریگەریی دۆخی خۆپیشاندانەکە و بەشێوازی خۆی و بەشێوەیەکی جیاواز و سەرنجڕاکیش دروشم دەدا و هەڵسووکەوت دەکا ئەوە خەریکی پێرفۆڕمانسێکە.
پێرفۆڕمانس هونەرێکی بەرهەڵەستکارانە و ئیعترازییە کە تا ئێستا لە دنیادا زیاتر بۆ گواستنەوەی پەیامی سیاسی و، ڕەخنەی کۆمەڵایەتی کەڵکی لێوەرگیراوە. مادام کورد گەڵێکی مافخواز و بەرهەڵەستکارە، ئەم شێوازە چالاکییە دەتوانێ یەکێک لە باشترین کەرەسە و ئەبزارە سەردەمییەکانی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانی بێ. دەربڕینێکی زیندوو و کاریگەر، بەتایبەتی بۆ ئەو چالاکانەی لە ئورووپا و دەرەوەی کوردستان دانیشتوون. دەتوانین بەم شێوازە سەرنجێکی زۆری ڕای گشتی بۆ لای کێشەکانی گەلکی کورد ڕابکێشین، وەک کەرەسەیەک بۆ ناساندنی زیاتری کورد بە خەڵکی بێئاگای دنیا، کە لەوانەیە ئەگەر ئەو خەڵکە بێئاگایە لەگەڵ مەسەلەی کورد باشتر و ورڕتر ئاشنا بوون، لە دواڕۆژدا دەنگێکی کاریگەر بن بۆ گەلی کورد. پێرفۆڕمانس پێویست ناکات وەک شانۆ دانیشی بەتاقەت تێکستی بۆ بنووسی و تەمرینی زۆری بۆ بکەی. لە پێرفۆڕمانس دا تۆی پێڕفۆمانسکار ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆت دەگێڕی، کەسێکیش کە ڕۆڵی خۆی دەگێڕێ شانۆ ناکات، بەڵکوو بڕگەیەک لە ژیان و بیرکردنەوەی ڕۆژانەی خۆی دەنوێنێ، یانی نمایشی دەکات، بۆیە پێویست ناکات بەقەت شانۆیەک خەمی لێ بخوات. ئەو ژیانەی بەردەوام هەستەکانمانی بۆ ـ لە دڵماندا ـ قوربانی دەکەین و ڕووی ڕاستەقینەی لەبەر شەرم یان ترس یان یاسا یان هەر هۆکارێکی دیکە دەشارینەوە، دەکرێ کاتێک کەسێک پێرفۆڕمانس دەکا لەو کاتەدا هەموو ئەو ترس و شەرم و شکۆیانە لەخۆیدا بشکێنێ و ناخی خۆی ڕووت بکاتەوە.
پێرفۆڕمانس دووپات کردنەوەی تێدا نییە. دەکرێ پێرفۆڕمانس دووپات بکرێتەوە بەڵام دەبێ جیاوازیی هەبێ لەگەڵ جارەکانی پێشووتری، وەک چۆن ئەمڕۆ لەگەڵ دوێنێ جیاوازە، تا ئەم ڕادەیە، دەنا نابێتە کارێکی بێ پلان و کوتووپڕ و زیندوو. هەڵبەتە پێرفۆڕمانس تا ڕادەیەک دەکرێ بە پلان و بەرنامەش بەڕێوە بچێ، بەڵام ئەم پلان و بەرنامەیە نابێ ببێتە هۆی ئەوەی پێرفۆڕمانسکار جووڵە یان کاری چاوەڕواننەکراوی دیکە نەکا. پێرفۆڕمانسکار دەتوانێ لە هونەرمەندانی دیکەش و کەرەستەکانیشیان کەڵک وەربگرێ، بۆ نموونە لە ڕەنگ و چوارچێوەی شێوەکارەکان، یان مۆسیقاریک لەگەڵی وەنێو کەوی. شانۆکارێک خۆی تێهەڵقورتێنە، سەماکارێک خۆی بە سەماوە تێبهاوێ و…
جووڵە، دەنگ، جووڵەی کوتووپڕ، بەکارهێنانی شێوازەکانی دیکەی هونەر بۆ بەرەوپێشبردنی کارەکانت وەک پێرفۆمانسکارێک، گرنگیی زۆری هەیە. پێڕفۆڕمانس و پێڕفۆرمانسکار بۆ دژکردەوەی کاتیی بینەر کار ناکەن، بەڵکوو کاری خۆیان دەکەن و چاوەڕوانیی خوڵقانی ڕووداوێک، یان ڕاگرتنی ڕووداوێکی سروشتین. جا لە ناخی بینەراندا بێ یان لە دنیای ڕاستەقینەدابێ، جیاوازیی نییە. بۆنموونە کاتێک کەسێک ئاگای لەخۆی نابێ و دەچێتە سەر ڕێگای ماشێن، ئەوکەسەی بەتەواوی هێزی خۆی هاوار دەکا و وەئاگای دێنێتەوە، بۆ ئەوەوەی وەبەرماشێن نەکەوێ، کاری بەوە نەداوە ئەوکەسانەی ئاگایان لە مەسەلەکە نییە، ئەو دەنگە بەرزە ئازاریان دەدا یان پێیان ناخۆش دەبێ، بەڵکوو دەیهەوێ ڕووداوێک ڕاگرێ و، ئەو هاوار و کارەی دەشیکا لەم کاتەدا پێرفۆڕمانسە؛ پێرفۆڕمانسێکی سرووشتی و بێ پلان.
لەوانەیە تا ئێرە ئەم پرسیارەتان بۆ هاتبێتە پێشێ کە ئەرێ مەرجە ئەوم چالاکانە یان ئەو کەسانەی پڕفۆڕمانس دەکەن حەتمەن هونەرمەند بن؟ وەڵامەکە نەخێرە!
مەرج نییە هونەرمەند بن. بۆ نموونە دەکرێ بۆ چالاکێکی بواری ژنان کە قەت هونەرمەند نەبووە و بەڕادەی پێویست له هونەریش نازانێ، بێت بۆ مەسەلەی حیجابی ئیجباری لە ئێران دا، بە جەستەی خۆی کارێک بکا، جا حیجاب لەبەرخۆی دادەدڕێ، خۆی لەبەردەم مزگەوتێک ڕووت دەکاتەوە، حیجابەکەی دەکا بە کۆمەڵێک وێنەی جنسی یان توندوتیژییانە یان هەرشێکی دیکە، ئەوه یانی پێرفۆڕمانسی کردووە.
کەواتە پێویست ناکات کەس بڵێ چوونکە من هونەرمەند نیم ناتوانم کاری پێرفۆڕمانس بکەم. پێرفۆڕمانس هونەرێکە بێ هەڵاواردن لە دەستی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگادایه و هەموو کەسێک دەتوانێ پێرفۆڕمانسکارێکی سەرکەوتوو بێ، بە مەرجێک ڕۆڵی خۆی بە ئاشکرایی بگێڕێ و لە پانتای کردەوەدا خۆی بۆ ویستەکانی خۆی بنوێنێ.
بە پێویستی دەزانم ئەوە دووبارەی بکەمەوە: پێرفۆڕمانسکار بەتەواوی ڕۆڵی خۆی دەگێڕێ و، ئەو جووڵە و هەڵوێست و قسانەی بەشێوەی زیندوو و بێ بیرکردنەوەی پێشوو دەیانکا، ڕاسته لەوانەیە کەمووکۆڕییان هەبێ، بەڵام کاریگەریی زیندوویان هەیە.
زۆر جار پێرفۆڕمانس وەک شانۆیەکی خیابانیش دەردەکەوێ و، هۆکارەکەشی ئەوەیە پێرفۆڕمانس تایبەتە بە نێو کۆمەڵ و شوێنە گشتییەکانە، نەک بە هۆڵە سەرداپۆشراوەکان.
تا ئێستا لە زۆر زانکۆی هونەری دنیا وانەی پێرفۆڕمانس هەیه، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە ئەوکەسانەی کلاس و شوێنی فێرکاریی پێرفۆڕمانس نەچوون دەست لەسەر دەست دانێن و دڵسارد بنەوه. باشترین کلاس بۆ ئەم کەسانە ئەوەیە لە دنیای مەجازی بەتایبەت یووتووب زۆر سەیری ئەو ویدۆیانە بکەن کە لە پێرفۆڕمانسی خەڵکانی دیکە هەڵگیراوەتەوە. ئەوە زۆر بەرچاو ڕوونی و ئیدە دەدا بەو کەسانەی سەرچاوەیەکی باشیان لەبەردەست نییە بۆ فێربوونی چۆنێتیی بەڕێوەبردنی پێرفۆڕمانس.
لە کۆتاییدا دەبێ بڵێم: هونەری پێرفۆڕمانس لە نێو گەلی ئێمەدا زۆر بەکەمی ئاوڕی لێ دراوەتەوە و تەنانەت لەلایەن خودی هونەرمەندانی کوردیشەوە کەمترین کاری پێرفۆڕمانس کراوە، ئەو یانی ئەوەی هونەرمەندان و چالاکانی کورد هێشتا هەستیان بە گرنگیی ئەم هونەرە نەکردووە، هونەرێک کە دەڵێی بەتایبەتی بۆ کورد لەدایک بووە.
بۆ بینینی پێرفۆڕمانسەکانی ناسر فەتحی کلیک لەسەر ئەو لینکە بکەن:
https://www.youtube.com/user/naserfathibokani
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٥.