بە پێی هەواڵی گەیشتوو لە شاری بانە، رۆژی هەینی ١٦ی پووشپەڕی ٩٦ی هەتاوی خاتوو حوسنی شەریفزادە دایکی پێشمەرگە ئەحمەدی قادری بە هۆی نەخۆشی ماڵاوایی لە ژیان کرد.
خاتوو حوسنی شەریفزادە لە بنەماڵەیەکی ئاینی و ناسراو لە گوندی نجنێی سەروو، سەر بەناوچەی بانە لە دایکبوو، دواتر لە گەڵ مام قادری قادری ژیانی هاوبەشی پێکهێنا و لە بەر ئەوەی مام قادر لە سەردەمی کۆمارە مەزنەکەی کوردستانەوە شانازی ئەندامەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی هەبووە، بنەماڵەکەشی بوونە یەکێک لە بنەماڵە نیشتماندۆست و تێکۆشەرەکانی ناوچەی بانە و لە رێگەی جۆراوجۆرەوە خزمەتیان بە حیزب و گەل کردوە.
خاتوو حوسنی ژنێکی خەمخۆر و دڵسۆزی ناوچەی بانە، لە پیشمەرگە دۆستی و نیشتمانپەروەریدا، ناوبانگی هەبوو.
هەروەها لە هەواڵێکی دیکەدا ئاگادار کراینەوە کە بە داخەوە هەر لەو بنەماڵە ئازیزە مامی ئەحمەدی قادری بەناوی حسێن پزیشکی کە یەکێک بووە لە تێکۆشەرانی بە وەفا و دڵسۆزی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی بانە هەر ئەو رۆژە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
حسێن پزیشکی هەڵکەوتوو لەو بنەماڵە خەباتگێڕە، لە سەرەتای تەمەنی گەنجیدا دوای ئاشنابوونی لە گەڵ بەرنامەو ڕێبازی حیزبی دێموکرات وەکوو ئەندامێکی چالاک ئەرکی وەئەستۆ گرت.
ناوبراو لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و هێرشی داگیرکەران بۆ سەر خاکی کوردستان، چەکی شەرەفی بەرگریی کردنی لە شان کردو، هەتا کاتێك کە توانای جەستەیی هەبوو درێژەی بە خەبات دا و، دوایی بە هۆی پیری وتەنگ وچەڵەمەی ژیان، بە دڵ و هەستەوە هەر لە سەنگەری شۆڕشگێڕانەدا تا دوا هەناسە، ژیانی بەسەر برد.
شایانی باسە ئەحمەد قادری کوڕی دایە حوسنی و برازای حوسێنی پزیشکی چەندین ساڵە لە ئورگانە جۆراجۆرەکانی حیزب، بە تایبەتی لە بەشی ڕاگەیاندن و دەنگە هەقبێژەکەی ڕادیۆ دەنگی دێموکرات بە رووسوورییەوە ئەرکە حیزبییەکانی ڕاپەڕاندوە
کاک ئەحمەدی قەڵەم ڕەنگین و دەنگ بە سۆز، ساڵانێکە هەستی خۆی بۆ خەباتی خویناویی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان تەرخان کردوەو، هەروەها بە ماندووبوونی خۆی ژیان وبەسەرهاتی پتر لە ٥٠٠٠شەهیدی ڕیگای ئازادی کوردستانی تۆمار کردوە.
شیاوی باسە بەو بۆنەیەوە پاشنیوەڕۆی رۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٧ی پووشپەڕ لە یەکێک لە سالۆنەکانی دەفتەری سیاسیی حدک ڕێورەسمی پرسەوسەرەخۆشی بەڕێوەچوو
لەو ڕێوڕەسمەدا کە بەشداری بەشێکی زۆر لە کادرو پێشمەرگەکان و هاوسەنگەرانی کاک ئەحمەد قادری بەڕێوەچوو، سەرەتا کەماڵ کەریمی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ئاماژەدان بە پێگەی بنەماڵەی ئەحمەدی قادری لە ناوچەی بانە لەو بارەوە گوتی: بنەماڵەیەک کە زیاتر لە ٧٠ساڵە لە خەم و ئازاری شۆڕشی خوێناویی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەشدارییان کردوە، بێ گومان لە دەستدانی هەرکام لە بنەماڵەیان بە خەمی بنەماڵەی گەورەی دێموکراتی دەزانین و، وەکوو حیزبی دێموکرات لەگەڵ کەسوکار و بنەماڵەی ئەحمەد قادری هاوخەمیی خۆمان دەردەبڕین.
دواتر ئەحمەد قادری لە لایەن خۆی و بنەماڵەکەیەوە سپاسی ئامادەبووانی کرد.