محەممەد جەواد لاریجانی بەرپرسی ستادی مافی مرۆڤی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی بوونی زیندانی سیاسی لە ئێران ڕایگەیاند: لە ئێران زیندانی سیاسی بوونی نییە.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، بەرپرسی ستادی مافی مرۆڤ دەزگای قەزایی لە بارەی زیندانی سیاسی لە ئێران دەڵێ: ئێمە لە ئێراندا پرسێکمان بەناوی زیندانی سیاسی نییە، ئەگەر لەو پەیوەندەییەدا تاوانێکی سیاسی هەبێ، دەکرێ ئەو تاوانە باس بکرێ.
ئەو بەرپرسە حکوومەتییە لە درێژەدا دەڵێ: زیندانی سیاسی دەستەواژەیەکی عەرەبی و عەرەبەکان ئەو چەمکە بەکار دەبەن هەتا لەو ڕێگایەوە پیرۆزی بە پێشێلکارییە یاساییەکان بدەن.
ناوبراو هەروەها پێداگری لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە؛ ئێمە بۆ ئازاردان، تاوانباران لە تەنیشت یەک دانانێین، ئەوە تۆمەتێکی نابەجێیە کە لە دەزگای قەزاییە دەدرێ.
لاریجانی هەروەها دەڵێ: ئازادی ڕادەربرین و ئازادی کۆمەڵایەتی لە ئێران لە بەرەکەتەکانی “ئینقلابی ئیسلامییە” و هەروەها دەڵێ: ئێمە بە کردەوە پارێزگاری لەو ئازادییە دەکەین و دەبێ چوارچێوەی ئازادیش بناسین.
پێشتر ئەندامێکی قەزایی مەجلیسی ئێران ڕایگەیاندبوو؛ لە زیندانەکانی ئێراندا ٤ هەزار و ٥٠٠ زیندانیی بوونیان هەیە و دەبێ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە ڕێگەیەک لەبەرچاو بگرین.
بەرپرسانی ئێران لە بە کاربردنی دەستەواژەی”سیاسی” بۆ زیندانیان سیاسی و عەقیدەتی و دژبەرانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران خۆیان دەبوێرن و ئەوان وەکوو “زیندانی ئەمنیەتی”ناو دەبەن.