مێدیا حکوومییەکان رۆژی ١٣ی پووشپەڕ ٩٦ی هەتاوی هەواڵی کوژرانی دوو کەسی دیکە لە ئەندامانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی پشت ڕاست کردەوە.
لە درێژەی بەشداریی کردنی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی وڵاتی سووریە دووکەسی دیکە بەناوەکانی جەلال مەلەک موحەممەدی و جەواد محەممەدی کوژران و تەرمەکانیان لە تاران و ئیسفەهان نێژرا.
ماڵپەڕی ڕادیو فەردا، بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک لە و بارەوە هەوڵی داوە ئامارێک لە رێژەی ئەندامانی کوژراوی سپای پاسداران بڵاو بکاتەوە ، بەڵام بە هۆی ئاشکرا نەکردنی رێژەی کوژراوانی سپای پاسداران لە شەڕی سووریە لەو بارەوە داتایەک ڕاست لە بەردەستدا نیە.
تەنیا لە عەمەلیاتی “محرم” کە لە دەوروبەری شاری حەلەب رووی دا، بە گوتەی عەلی شەمخانی سکرتێری شوڕای باڵای ئەمنییەت، باسی لە کوژرانی ٥٠ کەس لە ئەندامانی سپای قودس کرد لەو شەڕە، کە لە نێوان سپای پاسداران و دژبەرانی بەشار ئەسەد رووی دابوو.
هەواڵدەریی ئەلعەرەبیەش باسی لە کوژرانی سەدان کەس لە فەرماندە و ئەندامانی سپای پاسداران دەکا لە ماوەی نیزیک بە ٦ساڵی شەڕی سووریە.
لە ساڵی ٩٤هەتاوی شەڕی نیابەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دژبەرانی بەشار ئەسەد لە سووریە گەیشتە ئاستێک کە تەنانەت رەخنەی نێوخۆیی وڵاتی لێکەوتەوە.
دەمڕاستەکانی کۆماری ئیسلامی سەرەتا بەشداری کردنی سپای پاسدارانی لە ژێرناوی ڕاوێژکاری نیزامی باس دەکرد ، بەڵام دوای چڕبوونی ئاڵۆزییەکانی سووریە، بە ڕاشکاوی باسی لە شەڕی نیوان سپای قودس باڵی سپای پاسداران و دژبەرانی ئەسەد کرا.
ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و چەندین وڵاتی دیکە، ئاژاوە نانەوە و دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاولکارییەکانی سووریە و کوژران و برینداربوونی خەڵکی بێتاوانی ئەو وڵاتە بە تاوانبار دەزانن.
سپای پاسداران بە ئامادە کردن و ڕاهێنانی شێعەکانی خەڵکی وڵاتانی ئەفغانستان و پاکستان و عێراق و تەرخانکردنی پارەیەکی زۆر، لە ژێر ناوی سپای “مدافعان حرم” لە دوو ولاتی سووریە وعێراق دەستی داوەتە شەڕێکی پڕ تێچوو.
“فاتمیون” و زەینەبیون” دوو هێزی میلیشیای پێکهاتوو لە شێعەی وڵاتانی دیکەن کە سپای پاسداران بۆ شەڕ و دەستێوەردان لە ناوچەکە ئامادەی کردوون.