سەلاحەددین خەدیو، ڕۆژنامەنووس و چالاکی سیاسیی دانیشتووی مەهاباد لە بەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی پووشپەڕەوە دەسبەسەر کراوە و تا ئێستا بێسەروشوێنە.
پەیامنێری “چاونیوز” لە زمانی کەسانی نیزیک لە سەلاحەددین خەدیو باس لەوە دەکا کە سەرەڕای بەدواداچوونی زۆری بنەماڵەی ناوبراو بەڵام هیچ هەواڵ و زانیارییەک لە ناوبراو نەزانراوە.
بەپێی ئەو هەواڵە کەسانی نیزیک لە سەلاحەددین خەدیو سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهابادیان کردوە، بەڵام بەرپرسانی ئەو دەزگا ئەمنیەتییە حاشایان لە گرتنی نابراو کردوە و گوتویانە دەبێ ئیتلاعاتی سپا گرتبێتی و بەڕێی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرابێ.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو ڕووداوە ڕایگەیاند کە دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، چەند کەسێکی سەر بە دەزگا ئەمنیەتییەکان دەستیان بەسەر کامپیوتێرەکەی و چەند بەڵگەیەکی شەخسیی دیکەی سەلاحەددین خەدیو داگرتوە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
هەروەها هەواڵدەریی موکریان بە پشتڕاست کردنەوەی هەواڵی دەسبەسەرکرانی د.سەلاحەدین خەدیو ڕایگەیاند سەرەڕای بەدواچوونەکان، تا ئێستا لە شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو و، هۆکاری دەسبەسەرکرانی هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا، نییە.
ئەوەی کە بۆتە هۆی نیگەرانی بنەماڵە وکەسوکاری سەلاحەدین خەدیو بێبەش بوونی ناوبراو لە مافەیاساییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا بوو.
شایانی باسە سەلاحەدین خەدیو، جگە لە چالاکی سیاسی و مەدەنی بە نووسینی بابەتی فارسی و کوردی لە گەڵ زۆرێک لە بڵاوکراوە کوردی و فارسییەکان، هاوکاری هەبووە.