سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان سەبارەت بە تۆپباران کردنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان کە رۆژی ١٢ی پووشپەڕ ڕووی دا، لە لێدوانێک بە دەنگی ئەمریکای ڕایەگەیاند: سپای پاسداران هەر جارەو بە بیانوویەک سنوورەکانی هەرێمی کوردستان تۆپباران دەکا و ئەمجارەش بە هۆی ئەوە کە رۆژی یەکەمی ئەم مانگە کاربەدەستێکی سپای پاسداران لە سنووری نێوانی پیرانشار و باشووری کوردستان بە دەستی چەند چەکداری نەناسراو کوژراو و سێ کەسی دیکەش برینداربوون، هەرچەند هیچ لایەنێک ئەو شەڕەی وە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی داوەتە تۆپباران کردنی ناوچەکانی باڵەکایەتی لە هەرێمی کوردستان.
مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حدک لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا گوتی:ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونە کە لە نێوان هێزەکانی رێژیم و چەکدارانی نەناسراو رووی داوە، شوێنی رووداوەکە دوورە لەو شوێنانەی بنکەو پێگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لایەنەکانی دیکەی لێیە و نابێ بەو بیانوویە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان تۆپباران بکرێ.
ناوبراو سەبارەت بە هەڵسوکەوتی لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ ڕەوشی هەرێمی کوردستان لەو بارەوە گوتی: ئێمە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستان هەمووکات ڕەچاوی هەلومەرجی ئەمنی هەرێمی کوردستانمان کردووە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نیە، کە هەموو چالاکییەکانی خۆمان ڕابگرین.
مستەفا مەولوودی بە دەنگی کوردیی ئەمریکای ڕاگەیاند؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تۆپباران کردنی هەرێمی کوردستان دەیهەوێ ئێمە بکشێینەوە، پێشتریش تۆپباران کراوین نەکشاوینەتەوە و ئێستاش ناکشێینەوە.