تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆبوونەوەیەکی سیاسی- تەشکیلاتی بۆ تاوتوێی کردنی هێندێک باسی سیاسی وحیزبی بۆ بەشێک لە ژنانی نێو ڕیزەکانی حیزب پێکهێنا.
پێشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە ڕێکەوتی١٣ی پووشپەڕ کۆبوونەوەیەکی سیاسی و تەشکیلاتی بۆ بەشێک لە ژنانی پیشمەرگەو چالاکی نێو ئورگانەکانی حیزب پێکهات و کۆمەڵێک باسی وبابەتی پێوەندیدار بە دۆخی ئێستا حیزب و هەروەها چەند تەوەری گرینگی سیاسی خرانە بەرباس.
سەرەتا حەسەن خوشکەلام بەرپرسی تەشکیلاتی ئاشکرای حدک، مەبەست لە کۆبوونەوەکەی باس کرد و دواتر حەسەن قادرزادە ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ بەشداربووان قسەی کرد.
ناوبراو سەرەتا بە ئاوردانەوەیەکی کورت لە مێژووی بەشداریی ژنان وکچانی ئازا و بوێر، لە نێو بزووتنەوەکانی کورد و بەتایبەتی لە سەنگەری دێموکراتەکاندا، خۆڕاگری و خەمخۆری ژنانی بەوەج وئازای بەرز نرخاند.
پاشان لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە دوایین گۆڕانکارییەکانی جیهان و ناوچە کرد و، لەو بارەوە ڕا و بۆچوونی خۆی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.
لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا هاوڕێ قادرزادە پەڕژایە سەر جێگەو پێگەی کورد لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکەو، لەو بارەوە گوتی: کە سەرەڕای هەبوونی بەربەست و گرفتی زۆر و بەرژەوەندیخوازی زلهێزەکان بەڵام جوڵانەوەی کورد چۆتە پێش و، بۆتە بەشێک لە فاکتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
حەسەن قادرزادە لە پێوەندی لەگەڵ پرسی کورد و دەوڵەتی ئێران، لایەنە جۆراوجۆرەکانی ڕەوشی سیاسی ئێران و هەلومەرجی سیاسی بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستانی بۆ بەشداربووان شیکردەوە.
ناوبراو لەو بارەوە گوتی: ڕاستە بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەتی حیزبی بەڕابردووی دێموکرات، بە هۆی گرفت وبەربەستی جۆراوجۆری سیاسی وئیقلیمی تا ئێستا بە ئامانجەکانی خۆی نەگەیشتووە، بەڵام هەبوونی بەرنامە و پلاتفۆرمی کارا و ، یەکگرتوویی دەتوانێ کێشەکانمان چارەسەر بکا.
لە پێوەندی لەگەڵ پرسی ڕاپرسی هەرێمی کوردستان، حەسەن قادرزادە ڕایگەیاند؛ ئێمە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستان پاڵپشتی لەو پرسە دەکەین و، ڕێز لە ئێرادە و ویستی خەڵکی باشووری کوردستان دەگرین و، هەرچێک لە دەستمان بێ لەو بارەوە دەریغی ناکەین.
حەسەن قادرزادە لە بەشێکی دیکە لە وتەکانیدا؛ لەسەر هەلومەرجی نێوخۆی ئێران وتی؛ کۆماری ئیسلامی لە گەل کۆمەڵێک قەیرانی نیوخۆیی و دەرەکی ڕووبەڕوویە، هەر بۆیە دوای ڕووداوەکەی ١٧ی جۆزەردانی تاران، ئەو ڕووداوەی کردە بیانوویەک بۆ هێڕش کردن و، دەسبەسەرکردنی چالاکان و جیابیرانی نێوخۆ، لە ژێر ناوی گرووپە تیروریستیەکان،ئەمە لە کاتێکدایە دەوڵەتی تاران کارنامەیەکی ڕەشی لەوبارەوە هەیە و بزووتنەوەی کورد بەگشتی و بەتایبەتی حیزبی دێموکرات هەموو کات بۆتە قوربانی پیلان وپلانە دژە مرۆییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
پاش قسەکانی رێزدار قادرزادە لە گفتوگۆیەکی کراوەدا، چەندین کەس لە ژنانی بەشدار، ڕا و بۆچوون و پرسیارەکانی خۆیانیان باس کرد و، دواتر لە لایەن کۆڕگیڕەوە وڵامدرانەوە.