لە دەسپێکی وەرزی گەرما، سەر لەنوێ دارستان و ژینگەی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بە شێوەیەکی گوماناویی ئاگریان تێبەردراو و سامانە سروشتییەکانی کوردستان خەسار وزیانی زۆر وەبەرکەوتووە.
لە دوایین رووداوی ئاگرتێبەردان لە دارستان و جەنگەڵەکانی کوردستان لە بۆ جارێکی دیکە بێشەڵان و لەوەڕگەکانی ناوجەی مەریوان ئاگری تێبەربوو.
بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی ژینگەوان رۆژی ڕابردوو بەشێک لە دارستانەکانی مەریوان لە گوندی حەسەنئاوڵە، لە ئاگردا سووتان.
هەروەها لە رۆژانی ٢٤ و٢٥ی جۆزەردان لە ئاکامی مانۆڕی نیزامی سپای پاسداران ، دارستان و لەوەڕگەکانی “چاڵی سوور” و دەشتەکانی”هەنگەژاڵە” و “دیمەجۆ”ی سەر بە ناوچەی سەرشیوی مەریوان لە ئاگردا سووتان.
کەمتەرخەمیی بەرپرسانی پێوەندیدار بە ژینگە وسروشتی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوو بەتایبەتی لەکاتی ئاگر کەوتنەوە لە دارستان و جەنگەڵەکان لە زیادبوونی خەسار وزیانی کارەساتە ژینگەییەکان کاریگەریی هەبووە، لە بەرامبەر خەمساردی ناوەندەکانی پێوەندیدار، هەوڵ وماندووبوونی ژینگەپارێزانی کورد لە پاڕاستن و فریاکەوتنی ژینگە، دەور و رۆڵی بەرچاو و شیاویان هەبووە.