رۆژنامەی حکوومەتی کەیهان، زمانحاڵی باڵی بناژۆخوازەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە گەمارۆ نوێیەکانی یەکیەتیی ئورووپا کردوە بۆ سەر ئێران و لەو بارەوە هێرشی کردە سەر وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران.
رۆژنامەی کەیهان ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی کە محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجامی چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ کاربەدەستانی وڵاتانی ئاڵمان و ئیتالیا و فەڕانسەی بە سەرکەوتوو زانی، بەڵام هێشتا نەگەڕابووە ئێران کە یەکیەتیی ئورووپا لیستەیەکی دیکەی لە گەمارۆە نوێیەکان بۆ سەر ئێران بڵاو کردەوە.
لیستی گەمارۆە نوێیەکانی یەکیەتی ئورووپا بۆ سەر ئێران جیا لە چەند ناوەند و شیرکەت، چەندین کەس لە دەمڕاستەکانی کۆماری ئیسلامی دەگرێتەوە کە یەكیک لەو کەسانە فەرماندەی سپای قودس، قاسم سلێمانییە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە قاسم سلێمانی فەرماندەی هێزەکانی قودسی سپای پاسداران کە بە هۆی دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتی عێراق دوای روخانی بەعس و، هەروەها بەشداریی کردنی لە شەڕ و کێشەکانی وڵاتی سووریە زیاتر کەوتە بەرباس.
باڵی بناژۆخواز و مێدیاکانی سەر ئەو باڵە دانوستانەکانی سەردەمی دەوڵەتی حەسەن روحانی و ڕێککەوتنی بەرجام بە تەوافۆقێکی ناسەرکەوتوو دەزانن و بە کۆڵ دان بە ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوایی ناوی دەبەن.
ئەم ڕاپۆرتەی رۆژنامەی کەیهان لە کاتێکدا بڵاوکرایەوە کە وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتەری خۆی باسی لە سەرکەوتووبوونی دانیشتنەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئورووپای کردبوو.
بەڵام لە لایەک دیکە لسیتی گەمارۆە نوێیەکانی یەکیەتیی ئورووپا بۆ سەر ئێران بڵاوکرایەوە.
هاوکات لە گەڵ هەڵوێستی تازەی یەکیەتیی ئورووپا ، وەزیری ماڵیی ئەمریکا ستیون منۆشین، لەو پێوەندییەدا وتی؛ جیا لە گەمارۆەکانی پێشوو بۆ سەر ئێران، بە هۆی تاقیکردنەوە مووشکیی باڵستێک و سەرەرۆییەکانی سپای پاسداران لە ناوچەکە، گەمارۆی زیاتر دەخرێتە سەر ئێران.