بەهۆی تۆپبارانکردنی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن سپای پاسداران، زیانی گیانی و ماڵیی بەر خەڵکی ئەو ناوچەیە کەوتووە.
سەرلە بەیانیی رۆژی دووشەممە ١٢ی پووشپەر سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران چەند ناوچەیەکی بناری چیای هەڵگورد لە دەڤەری باڵەکایەتی باشووری کوردستان تۆپباران دەکا و ژمارەیەک هاووڵاتیی بوونەتە قوربانی و ئێستاش بەردەوامە.
بەپێی زانیارییەکان، زیانێکی زۆری مادی بەر گوندنشینان و کۆچەرییەکانی ناوچەکە گەیشتووە و تاوەکو ئێستا تەنیا باس لە برینداربوونی ژنێکی کۆچەری دەکرێ و شیمانەی ئەوەش دەکرێ کەس یا کەسانێکی دیکەش زیانیان بەرکەوتبێ.
تۆپارانەکە هەریەکە لە ناوچەکانی کۆنەڕێ، کێفارستان، قەبرۆکان، رێزان و گردوگۆی گرتووەتەوە و هاوکات لەگەڵ تۆپبارانەکەشدا، چەند فڕۆکەیەکی ئێرانی بە ئاسمانی ناوچەکەدا سووڕاونەتەوە.
جێی ئاماژەیە کە سپای پاسداران هەر ساڵ بە بیانوویەک دەستی داوەتە تۆپباران کردنی ناوچە سنوورییەکانی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان.
رۆژی ڕابردوو کە لە نێوان چەند چەکدارای نەناسراو و هێزە چەکدارەکانی رێژیم شەڕ و تێکهەڵچوون هاتە ئاراوە، ئەگەری ئەوە دەکرا کە ببێتە بیانوویەک بۆ تۆپ باران کردنی ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان وبەتایبەتی بە ئامانج کردنی پێگە نیزامییەکانی حیزبە رۆژهەڵاتییەکان.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە پایگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە سنووری هەڵگوردن لە لایەن سپای پاسدارانەوە تۆپباران کران و تاکوو ئێستا پێشمەرگەکانی هیچ کام لە حیزبەکانی نیشتەجێی لەسەر سنوور زیانی جەستەییان وەبەر نەکەوتووە.