خەدیجە خزری، ژنە تێکۆشەر و نیشتمانپەروەری کورد لە ناوچەی مەنگوڕایەتیی پیرانشار کۆچی دوایی کرد.
دایە خەدیجە خزری، دایکی هاوڕێمان کاک ژیوار ڕەسووڵی کە ڕۆژی شەممە، ١٠ی پووشپەڕ بەهۆی ڕاوەستانی دڵ کۆچی دوایی کرد، ساڵی ١٣٣٩ لەگوندی بەستامبەیگی بەری نەڵێنی مەنگورایەتی لەدایک بوو.
ئەو لەبنەماڵەیەکی جوتیار بەڵام شۆرشگێردا پێگەیشت. باوکی ئەندامی حزبی دیموکراتی کوردستان بوو و لەپێش شۆڕشی گەلانی ئێران لە هەنگەوێ و شەختان و شارەستێن لە ڕێکخستنە نهێنییەکانی حیزبدا بوو. هەروەها هاوسەرەکەی، ئیبراهیم رەسووڵی دووجار بەهۆی کاری سیاسی و داڵدەدان یان پەراندنەوەی پێشمەرگە لەسەر سنوور دەستبەسەر کرا و ساڵی ١٣٦٢ بۆ کاشمەر دوور خرایەوە، بەڵام سێ ساڵ دووخستنەوەی نابێتە هۆی کۆڵدانی دایە خەدیجە؛ تا ئەوەی کە چەند ساڵ دوای گەڕانەوەی لە تەبعید بەهۆی ئەو ئەشکەنجانەی لە زینداندا کرابوو، گورچیلەکانی لە دەست دا و ساڵی ١٣٧٢ کۆچی دوایی کرد.
دایە خەدیجە خزری لەتەمەنێکی کەمەوە ئیتر ئەرکی بەخێوکردنی ٨ منداڵی کەوتە ئەستۆ و لە ماوەی ئەو ٢٤ ساڵەدا وەک کێو لە پشتیان ڕادەوەستێ و پێیان دەگەیەنێ و کورد و نیشتمانپەروەر باریان دەهێنێ. ئەو خاتوونێکی ڕووحسووک و جێی متمانە و باوەڕی خەڵکی ناوچەکە بوو.
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەو بۆنەیە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دایە خەدیجە، بە تایبەت هاوڕێمان کاک ژیوار رەسووڵی دەکا و خۆی بە شەریکە خەم و ماتەمیان دەزانێ.