لە درێژەی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و تاجیکستان ، چەند ناوەندنی ئابووری وفەرهەنگی کۆماری ئیسلامی لە تاجیکستان داخران.
نیزیک بە دوو حەوتە لەمەوپێش بەرپرسانی دەوڵەتی تاجیک, داوایان لە بەرپرسانی چەند دامودەزگای سەر بە کۆماری ئیسلامیی کردبوو، کە لە شاری خوجەند چالاکییەکانی خۆیان ڕاگرن و چیتر پێوێست بە هەبوونیان نیە.
دوای گوشاری دەوڵەتی تاجیکستان، باڵوێزی ئێران چەند ناوەندو دامودەزگای خۆی لە تاجیکستان داخست و، لە سەر هۆکارەکانی تا ئێستا لە هەرچەشنە روونکردنەوەیەک خۆیان بواردوە.
لە دووساڵی ڕابردوو دوو ناوەندی دیکەی کۆماری ئیسلامی لە شاری دووشەممە، پێتەختی تاجیکستان داخراون.
بە وتەی چاودێرانی سیاسی، داخرانی نوێنەرایەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە شارەکانی تاجیکستان بۆ گرژی و ناکۆکییەکانی ئەو دوو وڵاتە دەگەڕێتەوە.
جێی ئاماژەیە لە دوای بانگهێشتی خامەنەیی لە محیەددین کەبیری، ڕیبەری حیزبی قەدەغە کراوی نێهزەتی ئیسلامیی تاجیکستان وەکوو مێوانی تایبەت بۆ بەشداری کردنی لە کۆنفڕانسی “وحدت اسلامی” لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی و، چاوپێکەوتنی لەگەڵ خامەنەیی بۆ بە هۆی گرژی وناکۆکیی ئێران و تاجیکستان.
بەرپرسانی دەوڵەتی تاجیکستان لەسەر ئەو باوەڕەن کە کۆماری ئیسلامیی بە تەمای کێشەنانەوەیە لەو وڵاتەکەیاندا.
لە دوای چاوپێکەوتنی محیەدین کەبیری و خامەنەیی، پێوەندییە دیپلۆماسی و ئابووری وفەرهەنگی دوو وڵاتی تاجیکستان و ئێران تا ڕادەی بەرچاو دابەزی.
سەرچاوەکانی ئاگادار لەو بارەوە ڕایاگەیاند، کە لەم دواییانەدا هەیئەتی هەر دوو وڵات بۆ ڕەواندنەوەی ناکۆکییەکان دیدار و دانشتنیان هەبوو ، بەڵام تاکوو ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە.
بەرپرسانی تاجیکستان رێبەری حیزبی قەدەغە کراوەی نێهزەتی ئیسلامی بە تیرۆریست دەزانن و، پاڵپشتی کردنی دەوڵەتی تاران و ڕێبەری نیزام لە مەحیەدین کەبیری بە پێچەوانەی پێوەندییە دیپلۆماسییەکانی هەر دوو وڵات و دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆی تاجیکستان لە قەڵەم داوە.
هەروەها مێدیاکانی رووسیە بڵاویانکردەوە، کە تاجیکستان ڕێگەی نەداوە ئێران ببێتە ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاری شانگهای، کۆماری ئیسلامی ئەندامی چاودێر و تاجیکستان لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی شانگهاییەو مافی ڤێتۆی هەیە.
رۆژنامەی ئیزووستیای موسکۆ لە زمانی یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی رووسی لە دیداری وەزیرانی دەروەی وڵاتانی بەشدار لە رێکخراوی شانگ، ڕایگەیاند کە هۆکاری دژایەتی تاجیکستان لە بەشداری کردنی ئێران لە دیداری شانگهای بۆ چاوپێکەوتنی بەرپرسانی باڵای ئەو رێژیمە لە گەڵ مەحیەدین کەبیری دەگەڕێتەوە.
دەوڵەتی تاجیکستان لە ساڵی ٩٤ی هەتاوی بەملاوە، حیزبی نێهزەتی ئیسلامی بە هاوکاری لە گەڵ دژبەرانی خۆی و هەوڵدان بە مەبەستی کۆدێتا تاوانبار و هەرچەشنە چالاکیی ئەو حیزبەی قەدەغە کردووە.