پاش بەڕێوەچوونی ڕێپێوانی خەڵکی شاری سەردەشت بە بۆنەی ساڵیادی قوربانیانی کیمیابارانی شاری سەردەشت، دوو چالاکی مەدەنی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کران.
ڕۆژی پێنج شەممە ٨ی پووشپەر، دوو کەس لە چالاکانی مەدەنی شاری سەردەشت بە ناوەکانی مستەفا عەزیزپوور و سەلاحەدین خزری لە ڕێگای تەلەفوونەوە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کران و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرا.
بە وتەی سەرچاوە نێوخۆییەکان، هێزە ئیتلاعاتییەکان هۆکاری بانگهێشت کردنی ئەو دوو چالاکە مەدەنییەیان بە هەڵگرتنی پلاکاردەکانی”نا بۆ کوشتنی کۆڵبەران” لە ڕێپێوانی ساڵیادی بەرکەوتووانی کیمیابارانی شاری سەردەشت ڕاگەیاندووە.
ڕۆژی چوار شەممە ٧ی پووشپەڕ ٣٠مین ساڵگەردی کیمیاباران کردنی شاری سەردەشت بوو، کە چالاکانی مەدەنی لەو ڕۆژەدا ڕێپێوانێکی بۆ یادی قوربانیانی ئەو ڕووداوە لەو شارە بەڕێوە برد.
لەو ڕێپێوانەدا، خەڵک و چالاکانی مەدەنی بە هەڵگرتنی دەستنووس و پلاکاردی “نا بۆ کوشتنی کۆڵبەران” لەدژی سیاسەتی کوشتنی کۆڵبەران هەڵوێستییان گرت.
هێزە لیباس شەخسییەکانی سەربە ئیدارەی ئیتلاعات لەو ڕێپێوانەدا هەوڵی ناسینی ئەو کەسانەیانی داوە کە پلاکاردەکانی تایبەت بە کۆڵبەرانیان هەڵگرتبوو.
شایانی باسە شاری سنووری سەردەشت لە ٧ی پووشپەڕی ٦٦ی هەتاوی لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی حکوومەتی پێشووی بەعسەوە کیمیاباران کراو، و کەمتر لە یەک مانگ پاش بردوومان کردنی ئەو شارە، ١٤٠ کەس لە هاووڵاتییانی خەڵکی ئەو شارە گیانیان لە دەست دا.