دوای ٣٠ساڵ بەسەر تاوانی کیمیابارانی شاری سەردەشت ئیستاشی لەگەڵ بێ، سەدان کەس لە خەڵکی بێتاوانی ئەو شارە لە گەڵ کۆخەو ئازاری پاشماوەی ئەو کارەساتە، ژیانێکی تاڵ و پڕ ئازار بەسەر دەبەن.
شاری سەردەشت کە لە ٧ی پووشپەڕی ساڵی ٦٦ی هەتاوی لە ئاکامی شەڕی ماڵوێرانکەری ئێران و عێراق ، کەوتە بەر پەلاماری شیمیایی باران و بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ئەو شارە بوون بە قوربانی، پاش ٣٠ ساڵ لایەنەکانی ئەو تاوانە، کەمتەرخەمیی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی پێوە دیارە.
لە بوردۆمانی کیمیایی شاری سەردەشت کە چوار شوێنی قەرەبالغی ئەو شارەیان پێکا، ١١٠ کەس شەهید بوون و نیزیک بە ٩٠٠٠کەسی دیکەش خەساری جەستەیی و رەوانییان وەبەرکەوت.
ئەو کارەساتە لە روانگەی نێونەتەوەیی و ، پەسندکراوە نێودەوڵەتییەکان بۆیە جێگەی سەرەنجدانە کە لە رەوتی شەڕی دوو وڵات، دەبێ خەڵکی مەدەنی و بێتاوان پارێزراو بن، بەڵام لە شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق جیا لە توپ باران و شریخەی کاتیوشا، کە زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستانی گرتەبەر، هەر بەوەش کۆتایی نەهات و ، بەڵکوو بوردۆمانی کیمیایی چەند شوێن لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن رێژیمی بەعسەوە بەشێکی دیکە لە نەهامەتییەکانی شەڕی دوو داگیرکەری خاکی کوردان بوو ، کە بۆ گەلی چەوساوی کورد بڕایەوە.
بۆردومانی کیمیایی چەند ناوچە لە ئیلام و کرماشان و چەند گوند لە مەریوان تا کارەساتە بەربڵاوەکەی شاری سەردەشت، نیشان لەوەیە کە کوردستان و کورد یەکەم قوربانی شەڕەکان و، لە کارەساتەکانیش پشکی شێریان وەبەرکەوتوە.
٣٠مین ساڵیادی کارەساتی ٧ی پووشپەڕ ئەمساڵ لە کاتێک یادی دەکرێتەوە کە خەڵکی کورد و، بەتایبەتی شارە سنوورەییەکان وەکوو سەردەشت دوای کۆتایی هاتنی شەڕ ، لە گەڵ ئازار و خەمی جۆراجۆر رووبەڕوون.
بۆ زیان وەبەرکەوتووانی سەردەشتی دابینکردنی دەوا و دەرمانی پێویست بۆتە ئازارێکی دیکە بەسەر ئازاری کیمیاباران و، پێوە دەناڵێنن.
هەروەها ئەمساڵ بە پیشنیاری چالاکوانانی مەدەنی و سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان بڕیارە ٣٠مین ساڵیادی کیمیابارانی شاری سەردەشت بەناوی “نا بۆ کوشتنی کۆڵبەران ناودێڕ بکرێ”.
ئەمەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە لە چەند مانگی ڕابردوو چەندین کاسبکارو کۆڵبەر خەڵکی سەردەشت، لە گەڵ کۆڵبەرانی دیکە لە ناوچەی سەردەشت بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکان کوژراو و بریندار کراون و، پرسی کۆڵبەر کوشتن بۆتە کارەساتێکی مرۆیی و سیاسی لە کوردستان، کە بێ گومان کۆماری ئیسلامی و دەستوپێوەندییەکانی لەو بارەوە تاوانبارن.
هەروەها بۆ گرینگیدان و، وەبیرهێنانەوەی ژینوسایدی بۆردومانی کیمیایی شاری سەردەشت، ئەمساڵ لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان کۆمەڵێک چالاکی مەدەنی و فەرهەنگی لەو پێوەندیەدا بەرێوەچوو.