بە پێی بڵاوکراوەی فەرمیی کۆمەڵەی شوڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ، بەرەبەیانی رۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢ی پووشپەڕ لە نێوان هێزە چەکدارەکانی رێژیم و پۆلێک لە پێشمەرگەکانی ئەو ڕێکخراوەیە لە دەوروبەری شاری سنە شەڕ و تێکهەڵچوون رووی داوە.
ماڵپەڕی کۆمەڵەی شورشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند ؛ لە ئاکامی دەرگیری نێوان دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە لە شاری سنە ، سێ پێشمەرگە بە ناوەکانی سەباح حسێن پەناهی، بێهزاد نووری ، حامید سەیف پەناهی گیانیان بەختکردوە.
ئەو سێ پێسمەرگە شەهیدە کە خەڵکی ناوچەی لەیلاخ، سەر بە پارێزگای سنەن ، بە پێی هەمان سەرچاوەی هەواڵ بۆ کاری وباری تەشکیلاتی و ڕێکخستن گەراوەنەتەوە بۆ ناوچەی سنە و، لە بەرەبەیانی رۆژی هەینی دەکەونە کەمینی هێزەچەکدارەکانی رێژیم و دوای شەڕێکی نابەرابەر شەهید دەبن.
بە ناوی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، وێڕای بەداخبوونی خۆمان لە شەهید بوونی ئەو سێ خەباتکارە کوردە ،هەروەها هاوخەمیی کردن لە گەڵ سەرجەم کەسوکارو بنەماڵەی ئازیزی گیان بەختکردوان ، بەردەوامیی ڕێگای خەبات وتێکۆشان بۆ هاوسەنگەرانی ئەو شەهیدانە بە ئاوات دەخوازین.