هەڵپەرکێ وەکوو یەکێک لە حەوتەوانەی هونەرلە نێو گەلانی جیهان و دنیای هونەر جێگەوپێگەی تایبەتی هەیە،بەشی زۆری ئەم گرینگیە دەگەرێتەوە بۆ تێکڵاوبوونی ئەم هونەرە لەگەڵ رەوت و مێژووی مرۆڤ و بەشێکی دیکەشی لە جوانی و شەنگی ئەم هونەرەدایە.کە دەتوانین بڵێن: گرێدراوە بە کەلتوور و فەرهەنگی گەلانی جیهانەوە. ئاستی بەرزی و جوانی ئەم هونەرە مێژووییە تاڕادەیەک بۆتە بەشێک لە پێناسەو شوناسی نەتەوەکان و هەموو ساڵێک لە دەیان فستیڤاڵی جۆربەجۆر گرووپە هونەرییەکان بە بەشداری بەرچاو و چالاکانەی خۆیان و نواندنی «هەڵپەرکێ»و دانسی تایبەت بە نەتەوەکەیان، هەوڵ دەدەن کەونارایی و جوانی هونەری میللی خۆیان بە گەلانی دیکە بناسێنن. ئەگەرچی هەڵپەرکێ وەکوو زمان،کولتووور وشێوە هەڵسوکەت کردن بە پێی جواغرفیای وڵاتەکان لە گەڵ یەک جیاوازییان هەیە، بەڵام دەتوانین، «بزم» و «رەزم» و شایی و یەکیەتیی مرۆڤەکان بە خاڵی هاوبەشی سەرجەم هەڵپەرکێیەکان دابنین. کاریگەریی ئەم هونەرە بەسەر تاک وکۆمەڵ بەچەشنێکە کە بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت هەر دوو لایەن واتە چ «هەڵپەرکێکەر و چ سەیەرکەر» هەستێکی خۆشی دەروونی دایاندەگرێت و دەیانباتە دنیای ئارامی و ئەهوەنی.
لە زۆربەی هەڵپەرکێیەکانی گەلانی جیهان ئێمە شاهیدی دەست لەیەک ئاڵاندن و پێکەو بوونێکی سەمیمانەوە مانادارین،کە بۆ خۆی نمادێکە لەوەی کە مرۆڤەکان بۆ درێژەدان بە ژیان و بۆ بەختەوەری و بەربەرەکانی کردن لەگەڵ تاڵی و تەنگەژەکانی ژیان نیازیان بە پێکەوە ژیانە. بە قسەی نیچە: تاک بوون، سەرچاوەی ئازارە و پێکەوەبوون و یەکیەتیی مرۆڤ بنەمای رەهایی و بەختەوەرییە.
بە پێێ زانستی ئستوورە ناسیMythology ؛ سەرجەم حەرەکات و نواندنی جەستەی ئینسانەکان لە کاتی هەڵپەرکێ دا هەڵگری باری مانایی مێژوویی و ئوستوورەییە بەشێکی دەگەرێتەوە بۆ لاسایی کردنەوەی مرۆڤ لە سرۆشت کە بەرەبەرە بە پێی بارودۆخی مرۆڤەکان چ لەکاتی «نزا» و نیایش و چ لە کاتی بەزم و شایی یان لەکاتی شێنگێڕی و سەرەخۆشی رەنگ و ریتمی تایبەتی بە خۆی گرتووە دەتوانیین بیژین: هەڵپەرکێیەکان لە چوار دەستە دابەش دەبن.
_ رەزم، بەزم، نزا «نیایش» و شینگێڕی
ئەم چوارەش لە گەڵ ئینسان وکۆمەڵگاکەی هەبووەو هەیەو دەبێت.کەواتە هەتا مرۆڤ هەبێت «هەڵپەرکێ» جیا لە هونەر وەکوو کەلتوورێک هەر دەبێ.
گەلی کوردیش لەم کەلتوور و هونەرە بەشی شێری بەرکەوتووە ئەویش دەگەرێتەوە بۆ کەونارایی گەلی کورد و جوغرافیای بەرینی کوردستان، کە شوێنی سەرهەڵدانی یەکەمین شارستانیەتەکانی مێژووە.
لە دنیای ئەمرۆ کە باس لە فەرهەنگ و رەسەنایەتی گەلان دەکرێت بێگومان دوای زمان و مۆسیقی «هەڵپەرکێی کوردی، نوێنەرایەتی زیندوویی ئەم گەلە چەوساوە دەکات کە زۆر لایەنەوە بۆ کەتمان کردن و سرێنەوەی دەرێت بەتایبەت ئەو دوو بەشەی لە کوردستان کە لە بن دەستی شۆڤنیستی تورک وفارس دا پەراوێز خراوە. بەڵام هونەر بەگشتی و بەتایبەتی هونەری «دانس»ی هەر گەلێک هەڵقوڵاوی مێژووی ئەوگەلەیە رۆژبەدوای رۆژ ئەم کلتوورە رەسەنە کە ئەمرۆکە پاڵی داوەتەوە بە هۆنەری نواندن و شانۆی کوردییەوە لە گەشەدایەو بۆتە نوێنگەی ناساندنی فەرهەنگ وکەلەپووری کورد لە دنیا.
بەسەرنجدانێکی خێرایی بەسەر شێوە و جۆری هەڵپەرکێی کوردییەکان بە هێندێک جیاوازییەوە کە ئەویش نیشان لە بەربڵاویی وفرەچەشنی گەلی کوردە، بۆمان دەردەکەوێت کە «نەزم» و جۆرەکانی هەڵپەرکێ لە تەواوی کوردستان بەجۆریک هاوبەش و یەکسانە.
ریتم و نەزمی هەڵپەرکێی کوردی وەک ئاماژەمان پێ دا، هەڵگری مانای تایبەت و نمادێکی مێژووییە بۆ نموونە
-دەستگرتن، نمادێک لە هاوشانی و پاڵپشتیە.
-رەشبەڵەک یان گەنم وجۆ یان دەسگرتنی ژن و پیاو، نیشانەی یەکسانیی و بەشداری ژنان لە بۆنەکان دایە.
-چۆپی؛ بە مانای هەڵگرتنی ئاڵاو رزگاری
-بازنەیی؛ هەڵپەرین کە دەگەرێتەوە بۆ ئایینی میترا پەرەستی و نیشان لەوەیە کە بازنە پیرۆترین و ساکارترین شێوەی هیندسیە کە مرۆڤ لێ تێگەیشتووە.
-پاخشاندن وزرمە لێدان لە زەوی؛ نمادی دیاریکردنی قەڵمەرەو و هەژاندنی خاکە و زۆر نمادی دیکە کە کۆی ئەم نمادگەلە باس لە رەچەڵکی پیرۆزو دێرینی ئەم هونەرە دەکات،کە ئێستاشی لە گەڵ بێ لە هەموو جیهان وەکوو هونەر و ناسنامەیەکی نەتەوەیی شوێنەوارێکی مێژوویی چاوی لێدەکریت. بۆیە لەساڵی ١٩٨٢زایینی لەلایەن کومیتەی «دانس»ی ئەنستیتۆی شانۆی یۆنسکۆ ٩ی بانەمەڕ رۆژی لە دایکبوونی (ژان ژاک نوور)داهێنەری هەڵپەرکێ «بالە»ی مودێرن بە رۆژی جیهانیی هەڵپەرکێ ناوزەد دەکرێت. هەمووساڵێک لەم رۆژەدا کەسایەتیەکی بەناوبانگ بەم بۆنەوە پەیامێک دەنێریت کە پەیامی ئەم ساڵ لە لایەن پادشای کامبۆج (نوردوم سیهامونی)پێشکەش کرا کە بۆ خۆی ساڵانێک مامۆستای بالە»بۆوە. لە پەیامەکەی دا دەڵێ: هەڵپەرکێ رۆح وهزر دەگەێنێتە لووتکەو رێگایەکە بۆ رزگاری و هەڵفرینی گیان لە جەستە.
جێگای خۆیەتی کە ئێمەش لەم بۆنەدا دەست خۆشی و ماندوونەبوونی ئەوکەسانە بکەین کە بۆ گەشە و زیندوو هێشتنەوەی ئەم هونەرە بەنرخە بەشێوەی جیدیی و زانستی سەرەڕای هەموو گیروگرفتەکان هەوڵیان داوە بەتایبەتی هونەرمەندی شانۆکار دوکتور قوتبەدینی سادقی کە چەند ساڵێکە گیانێکی هونەریتر و ئەمرۆیی تری بەخشیوە بە «هەڵپەرکێی» کوردیی و لە دەیان فستیڤاڵی جیهانی بەشداری کردووە.
سەرچاوەکان:
ماڵپەڕی دویچەولە،
ماڵپەری کورد پرس