شیرین عیبادی، داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ و وەرگری خەڵاتی ئاشتی نوبێل، هێرشی ئەم دواییانەی شاری تارانی بە “بیانوویەک بۆ سەرکوتی نەتەوەکانی ئێران و بێ دەنگکردنی دەنگی هەر ڕەخنەگرێکی مەدەنی” ناوبرد.
بە پێی ڕاپۆرتی کوردپا، شیرین عیبادی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ و دامەزرێنەری ناوەندی پشتیوانی لە مافی مرۆڤ بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، هوشداری بە دەسەڵاتدارانی ئێران دا، کە خۆیان لە دروستکردنی”دووبەرەکی و ئاژاوەنانەوە لە ئاستی میللی” دوور بگرن.
لە بەشێک لەو بەیاننامەیەدا هاتووە” حیزبە کوردییەکان، چالاکانی مەدەنی و سیاسی کورد پێشتر چەند جارێک مەترسی دزەکردنی داعشیان لە ناوچە کوردنشینەکان کردبوو و هوشدارییان بە دەوڵەتی ئێران دابوو، بەڵام کەس گوێی بەو هوشدارە نەدابوو”.
ئەو داکۆکیکارەی مافەکانی مرۆڤ، دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد و بەلووچ بە بیانووی هاوکاری لەگەڵ گرووپی”داعش” ی بە هۆکاری” دروستکردنی دووبەرەکی زیاتر و میلیتاریزە کردنی کەش و هەوای ئێران بەتایبەت لەو شارانەی کە زۆربەی دانیشتوانییان گرووپە ئێنتیکییەکان پێکی دێنن”، زانی.
شیرین عیبای داوای لە بەرپرسانی ئەمنیەتی، دادسەرا و دادگاکانی شۆڕشی ئێران کرد کە بە جێگای بەربەرەکانێ لەگەڵ چالاکانی مەدەنی، دان بە کەمتەرخەمی خۆیان لە پاراستنی ئەمنیەتی دا بنێن.
پاش ڕووداوی ئەم دواییانەی شاری تاران، ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە کوردستان دەیان هاووڵاتییان دەسبەسەر و بۆ شوێنی نادیار ڕاگواستەوە.
ناوەندە ئەمنییەتییەکان ئێستا لە ئاشکراکردنی شوناسی دەسبەسەرکراوەکان خۆیان بواردوە و لە ژمارە و شوناسی دەسبەسەرکراوەکان زانیارییەکی ورد و دروست لە بەردەست ڕاگەیەنەکاندا نییە.
پێشتر وەزارەتی ئیتلاعات بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاندبوو کە کەسانی دەسبەسەر کراو سەر بە گرووپی”وەهابی داعش” ن و ئەو دەسبەسەرکراوانەی وەک “تیمی عەمەلیاتی و هەروەها لقە پەیوەندیدارەکان و بەشی تەداروکاتی ئەو گرووپە”ناوزەد کردوە.