نوێنەری ئێران لە ڕێکخراوی وڵاتە یەکگرتووەکان لە نامەیەکەدا لە وتەکانی ئەم دواییانەی ڕێکس تیلێرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە باسی لە گۆڕانی کۆماری ئیسلامی کردبوو شکایەتی کرد.
غوڵامعەلی خۆشرۆ نوێنەری ئێران لە ڕێکخراوی وڵاتە یەکگرتووەکان، رۆژی دووشەممە ٢٩ی جۆزەردان بە ناردنی نامەیەک بۆ ئانتونیو گۆترێش ، بەرانبەر بە وتەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە گوتبووی واشینگتن پاڵپشتی لە رەوتی نێوخۆی ئێران دەکا بۆ گۆرانکاریی سیاسی لەو وڵاتە ، لەو بارەوە ناڕەزایەتی دەربڕی و قسەکانی تیلێرسۆنی بە دەستێوەردان لە کاروباری ئێرانی لە قەڵەم دا.
جێی وەبیر هێنانەوەیە تیلێرسۆن رۆژی ٢٤ی جۆزەردان لە کۆبوونەوەیەکی پارلمانی نوێنەرانی ئەمریکا لە پێوەندی لەگەڵ دابینکردنی مووچە و روانگەی سیاسی وەزارەتی ئەمریکا رایگەیاند؛ ئێران هۆی سەرەکیی ناسەقامگیری ناوچەکە یە و، واشینگتن’یش رووبەرووی زێدەخوازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێتەوە. بۆ ڕاگرتنی سەرەرۆیی کۆماری ئیسلامی ، پشتیوانی کردن لە جموجۆڵەکانی نێوخۆی ئیران بۆ گۆڕانی سیستمی حاکمیەتی ئەو وڵاتە لە سیاسەتی دەوڵەتی واشینگتندایە.
نوێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێکخراوی وڵاتە یەکگرتووەکاندا ، قسەکانی ناوبراو ی دژ بە گرێبەستی ئەلجەزایر زانێ و ئەو چەشنە لێدوانانە بە دەستێوەردان لە وڵاتەکەی باس کرد.
جێی ئاماژەیە کە گرێبەستی ئەلجەزایر لەساڵی ١٩٨١ی زایینی بە کۆمەڵێک ڕێککەوتن نێوانی ئێران و ئەمریکا پێوەندی هەیە کە بە نێوبژیوانی وڵاتی ئەلجەزایر لە ژانویەی هەمان ساڵ لە نیوان دوو ولاتی ئێران و ئەمریکا واژۆ کرا.
شایانی باسە لەسەر گوشارخستن بۆ سەر کۆماری ئیسلامی لە نێو کاربەدەستانی دەوڵەتی واشینگتن بێروڕای جیاواز هەیە و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەو باوەڕەدایە، کە دەبێ بەشێوە هێمنانە دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامی دەستاودەست بکرێ و بۆ ئەومەبەستەش باسی لە پشتیوانی کردن لە چالاکییە سیاسییەکانی نێوخۆی ئێران کرد.
کارناسانی سیاسی لە سەر ئەوباوەڕەن کە ئەمریکا پێویستی بۆ گۆڕانی رەفتاری سیاسی ئێرانە و لە هەلومەرجی ئێستادا ئەو شێوە دژایەتی کردنە، بە قازانجتر دەزانێ.