دوای رووداوە تێرۆریستییەکەی ١٧ی جۆزەردانی داعش لە شاری تاران، دام و دەزگا ئەمنییەتییەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە دەیان کەسیان بە تۆمەتی لایەنگرییان لە تاقم و گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکان لە شارو ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کردوە. هەر خودی بوون و دەستبەسەرکردنی ئەم جۆرە کەسانە بە ناوی لایەنگری تاقم و گرووپی توندڕەوەی مەزهەبی لە شارو ناوچەکانی کوردستان، بە هیچ شێوەیەک ناتوانێ پەیامێکی باشی بۆ کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان بەدواوە بێت. بوونی تاقم و گرووپی توندڕەو لە کوردستان کە ئێستا هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیم کەوتوونە نێویان دەستبەسەریان دەکەن، پێش لە هەموو شتێک نیشانەی ئەوەیە کە، رێژیم بە هەدەفەوە رێی بۆ پەرەسەندنی ئەم کەسانە لە کوردستان خۆش کردوەو پێشی لێ بەرەڵڵا کردوون بۆ کاتی خۆی!!. ئێستایش کە بە لێشاو لێیان دەستبەسەر دەکات و رەوانەی زیندانەکانیان دەکات، گومانی تێدا نیە کە بەشێک لە ئامانجەکەی، خەوشدارکردنی روخساری کوردو کوردستانە.
دەزگا ئەمنیەتییەکانی رێژیم کە زیاتر لە ١٠ ساڵە زۆر باش دەزانن و ئاگاداری جموجۆڵی ئەم تاقم و گرووپە توندڕەوانە لە کوردستانن و بە هەدەفەوە خۆیان لێ گێل کردوون، راست ئێستاو دوای هێرشە تێرۆریستییەکەی تاران، بە شێوەی بەربڵاو دەستی داوەتە تەعقیب و بەدواداچوون و دەستبەسەرکردنی عەناسوری ئەم هێزە توندڕەوانە کە گومانی تێدا نیە بەشێکی بەرچاوی هەدەفەکە، شێواندنی روخساری کوردو بزووتنەوە رەواکەیەتی.
دەزگا ئەمنیەتییەکانی رێژیم رۆژانە هەواڵیان لە دەزگاکانی رێژیمدا رووبە ناوەوەو دەرەوەی وڵات لێ بڵاو دەبێتەوە کە لە فڵان شارو ناوچەی “کوردستان”، چەند کەسێکی “گوماناوی”ی سەر تاقم و گرووپی “کوففار” کە “کورد”ن دەستبەسەر کردوەو گومانیان لێ دەکرێ کە راستەوخۆ پێوەندییان بە “کردەوە تێرۆریست”ییەکەی تارانەوە هەبێ!!
هەر وەک وترا ئامانجی دژی گەلیانەی رێژیم و دامو دەزگا ئەمنیەتییەکانی لەم کارە روونە. ئەوان دەیانهەوێ لەم رێگایەوە بە کۆمەڵگای ئێرانی و دونیا دەرەوەی وا نیشان بدەن کە کوردەکان تێرۆریستن و، لەم رێگایەوە دەیانهەوێ باڵای بزووتنەوە رەواکەیشی بە باڵای کورت و رەشی داعش بگرن.!!
ئامانجێکی دیکەی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەیە کە دەیهەوێ بە کەڵک وەرگرتن لە کەیسی جەماعەتی توندڕەو لە کوردستان، بزووتنەوەی مەدەنیی لە کودستان تووشی نوشست و وەستان بکەن. ئەوان دەیانهەوێ لەم رێگایەوە ترس و دڵەڕاوکێ بخەنە دڵی تێکۆشەران و چالاکانی مەدەنی و پێیان بڵێن کە لە ئەگەری گیران و لێپێچینەوەتاندا، وەک عەناسوری سەر بە تاقم و گرووپە توندڕەوەکان مامەڵەتان لە گەڵدا دەکرێ و بە خەڵکتان دەناسێنین.
بەڵام ئەوە لای هەموو لایەک روون و ئاشکرایە ئەوەیە کە کوردی ئاشتیخواز و بزووتنەوە رەواو ئینسانییەکەی لە مێژە ئەم جۆرە پیلانە رەشانە کاری تێناکات و لە میژە خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی هەم لە ماهییەتی کوردو بزووتنەوە رەواگەی گەییون و، هەمیش زۆر باش ئاگاداری کارو کردەوەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی هەن.
بزووتنەوەی مەدەنیی کوردستان و چالاکان و تێکۆشەرانی ئەم بوارەیش لە مێژە لای خەڵکی شارو وڵاتی خۆیان ناسراون و هیچ باکیان بە پیلانەکانی ئەم رێژیمە نیەو لە هەموو گرینتر، هەموو لایەک، چ کۆمەڵگای ناوخۆی ئێرانی و چ کۆمەڵگاکانی دەرەوەی ئێرانیش زۆر باش دەرکیان بەو راستییە کردوە کە تێرۆریستانی داعش و تاقمە توندڕەوەکانی دیکەیش هیچ فڕێکیان بە سەر نەتەوەی کوردو نیشتمانی کوردستانەوە نیە. ئەوان باش دەزانن کە ئەوەی پێش هەموو لایەک و پێش هاوپەیامانانیش بەرەنگاری داعش و بیرو باوەڕە رەشەکانیان بوویەوە، پێشمەرگە و شەڕڤانە قارەمانەکانی کوردو کوردستان بوون.