شەوی ڕابردوو ٢٨ی جۆزەردان دوای بڵاوبوونەوەی چەند گرتە ڤیدیو لە هاویشتنی مووشک ، هەواڵی مووشک باران کردنی مۆڵگەی داعش لە شاری دیرالزوری سووریە لە لایەن سپای پاسدارانەوە بڵاوکرایەوە.
بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە لە کاتێکدا بوو کە هەر ئەو ئێوارە رێبەری نیزام باسی لە زیلە لێدان لە دژبەرانی نیزام کرد بوو.
دەفتەری پێوەندییەکانی سپای پاسداران، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی هاویشتنی ٦ مووشک لە دوو پارێزگای کرماشان و سنە بۆ سەر مۆڵگەی داعش لە سووریە، ئەو هێرشەی لە تۆڵەی کردەوەی تیروریستییەکەی ١٧ی جۆزەردانی تاران لە قەڵەم دا.
بڵاوبوونەوەی هیڕشی مووشکی سپای پاسداران بۆسەر داعش لە میدیاکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەی جۆراجۆری لێکەوتەوە.
وتەبێژی سپای پاسداران سەردار رەمەزان شەریف لەوبارەوە ڕایگەیاند کە ئەو هێرشە بەشێکی چووکەیە لە تۆڵە ستاندی سپای پاسداران لە دژبەرانی نیزام.
رۆژنامەکانی ئیسرائیل بە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە رایانگەیاند کە لە قسە ولێدوانەکانی بەرپرسان و رێبەری نیزام دوای هاویشتنی مووشک بۆ سەر داعش ، بەشێوە ناراستەوخۆ هەڕەشە لە ئیسرائیل و عەرەبستان و ئەمریکاش کراوە.
بەشێک لە کارناسان لەو بارەوە دەڵێین؛ ئەمە تاقیکردنەوەیەکی مووشکی بوو کە سپای پاسداران ویستی وڵاتانی ناوچە بە نیسبەت توانایی نیزامی خۆی چاوترسێن بکا و سیگناڵێکیش بوو بۆ دەوڵەتی روحانی.
لە لایەک دیکەش هاویشتنی مووشک بۆ سەر داعش لە لایەن سپای پاسدارانەوە هەڵگری پەیامێک بوو هەم بۆ نێوخۆی وڵات و هەم دەرەوی وڵات، بەتایبەتی هوشدارێک بوو بۆ ئەمریکا کە ئێران دەتوانێ ناوەندە ئەمریکییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتە ئامانجی مووشکەکانی خۆی .
ڕاگەیاندنەکانی سەر بەسپای پاسداران باس لە سەر کەوتووبوونی ئەو مووشک بارانە دەکەن، ئەمە لە کاتێکدایە کە تائێستا هیچ کام لە مێدیا جیهانییەکان ، لە سەر ئاستی خەسارو زیان گەیاند بە مۆڵگەی داعش یان سەرکەوتووبوونی ئەو مووشک هاویشتنە تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هیچ زانیارییەکیان بڵاونەکردوتەوە.
هەروەها لەدوای کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران وعێراق ئەمە یەکەم مووشک هاویشتنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە ناوچە و شرۆڤەکارانی سیاسی لەو باوەڕەدان کە دەسپێکی شەڕی ئێران و داعشە و کە هەر دوولا تێوەگلاون و، بەشێکی دیکەش بە مانۆرێکی سیاسی سپای پاسدارانی لە قەڵەم دەدەن هەتا شەڕێکی نیزامی. ئەویش لە کاتێکدا کە لە تازەترین هەڵوێست بڕیارە گەمارۆی نوی لە لایەن ئەمریکاوە بەسەر ئێران و بەتایبەتی سپای پاسداران و جموجۆڵە نیزامییەکانی بخرێ.