پەسەندکردنی گەمارۆی نوێ لە لایەن سەنای ئەمریکاوە بۆ سەر کۆماری ئیسلامی کە سپای پاسداران و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و تاقی کردنەوەی مووشکی و پێوەندییە بانکییەکانی کۆماری ئیسلامی دەگرێتەوە، ترس ونیگەرانی بەرپرسانی رێژیمی لێکەوتەوە.
لە یەکەم کاردانەوە بەرانبەر بە پەسەند کردنی گەمارۆی نوێ بۆ سەر ئیڕان لە لایەن سەنای ئەمریکاوە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە توندی ئەو هەڵوێستەی بۆ بەربەرەکانی لە گەڵ نیزام گەڕاندەوەو بڕیاری گەمارۆ خستنە سەر هێزە نیزامییەکان و پرسی تاقی کردنی مووشکی بە نایاسایی زانی.
بەهرام قاسمی لە لێدوانەکەیدا باسی لە جێبەجێی نەکردنی گڕیبەستی بەرجام کرد و وتی: دەوڵەتی ئەمریکا دەبێ بە ناوەڕۆکی بەرجام پابەند بێ و ئەگەر گەمارۆکان سەر لە نوێ بگاتە مەجلیسی نوێنەران و سەرۆککۆماری ئەمریکا واژۆی بکا، ئەکات دەوڵەتی تارانیش بە توندی و بە کردەوە لەو بارەوە هەڵوێستی دەبێ.
لە پێوەندی لەگەڵ گەمارۆ نوێیەکانی سەنای ئەمریکا بۆ سەر ئێران، عەلی ئەکبەر ویلایەتی ڕاوێژکاری کاروباری دەرەوەی خامەنەیی بە ترسەوە باسی لە گەمارۆ نوێیەکان کرد و بە پێچەوانەی ڕێککەوتنی بەرجام “ی زانی.
ناوبراو وێرای ئاماژە بە ململانێ دوو وڵاتی ئێران و ئەمریکا لە سووریە و عێراق ، گەڵاڵەی گەمارۆ نوێیەکانی بۆ ئەو ناکۆکیی و ململانێیە گەڕاندەوە.
لە لایەک دیکەش نەقەوی حسێنی، وتەبێژی کۆمیسیۆنی ئەمنییەت، وتی: پەسەندکراوە نوێیەکەی سەنای ئەمریکا تەنیا گەمارۆ خستنێکی سادە و لاوەکی نییە بەڵکوو ڕێگەخۆشکەرە بۆ گەڵاڵەیەکی گەورەتر و چەند قات تر و ئەکات هەر بە واژۆی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەچێتە بواری جێبەجێی کردنەوە.
شایانی باسە زۆربەی کاربەدەستانی رێژیم نیگەرانی گەمارۆ بۆ سەر سپای پاسداران و، لەپێوەندییەدا باڵی بناژۆخواز هەڵوێستی توندتری هەیە.
فواد ئیزەدی کارناسی سیاسی لە سەر ئەو باوەڕەیە کە گەمارۆکانی سەنای ئەمریکا بۆ سەر ئێران کۆتایی بە ڕێککەوتنی بەرجام هێناوە.