لە درێژەی هێرشکردن و کوشتنی کاسبکاران و کۆڵبەرانی سەرسنوور، سیمبۆلی بێمافی و کەرامەت شکاندنی مرۆڤی کورد، بەشێکی بەرچاو لە کاربەران و چالاکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بانگەوازی گەردەلوولی تویتەرییان دەرکرد.
بە نیشانەی نارەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر سەرەرۆیی هێزە ئەمنی و ئینتیزامییەکان کە لە دوایین کردەوەی خۆیان لاوێکی کاسبکاری خەڵکی بێتووشی سەردەشتیان بێ بەزییانە و بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوشت، دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیویەک لە کوڵبەری کوژراو، لە مێدیاکان و راگەیاندنەکان دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
هەر ئەوەش بۆ بە بیانوویەک، کە بەشێک لە چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە دەرکردنی بانگەوازێک خوازیاری وەڕێخستنی گەردەلوولی تویتەری ، بەمەستی ئاگادار کردنەوەی ڕای گشتی و گەیاندنی دەنگی کپکراوی مرۆڤی کوردن بۆ کۆڕ وکۆبوونەوە نێونەتەوەییەکان بوون.
بڕیارە ئەو گەردەلوولە تویتەرییە شەوی ٢٨ ی جۆزەردان بەشێوەی هاوکات کاتژمێر٩ی شەو بەکاتی کرماشان لە ژێرناوی بەرگری لە ژیان و کەرامەتی ئینسانیی کۆڵبەری کورد، دەسپێبکا.