تەرمی دوو ئەندامی دیکەی سپای قوودس سەر بە سپای پاسداران کە شەڕی سووریەدا کوژراون، گەڕاندرانەوە بۆ شاری مەشهەد.
بە پێی هەواڵدەریی فارس زمانحاڵی سپای پاسداران رۆژی هەێنی ناو و شوناسی دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی عەلی حسێنی و محەممەد رەزا عەلەویی، ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە کە لە شەڕی سووریەدا کوژراون بڵاو کردەوە.
هەروەها هەواڵدەرییە حکومییەکان رۆژی ٢٣ی جۆزەردان وێڕای بڵاوکردنەوەی هەواڵی کوژرانی ئەندامێکی دیکەی سپای پاسداران لە شەڕی سووریە کە هاووڵاتییەکی ئەفغانییە هاوکات باسی لە کوژرانی ئەندامێکی دیکەی سپای قوودسی کرد لە شەڕی سووریە کە خەڵکی پارێزگای ئەلبوورزە و هەر لەوێدا نێژراوە
شایانی باسە سپای پاسداران بە کەڵک وەرگرتن لە خەڵکی وڵاتانی ئەفغانستان و پاکستان و شیعەکانی عێراق چەندین لق وپۆپی تیرۆریستی لە ژێرناوی “فاتمیون” و “زینبیون” دامەزراندوە.
لە حەوتووی ڕابردوو نیزیک بە دە کەس لە ئەندامانی سپای پاسداران کە لە وڵاتانی سووریە و عێراق کەخەریکی کاولکاریی و دەستێوەردانن گیانیان لە دەستداوە.
لە پێوەندی لەگەڵ دەستێوەردان و کێشەنانەوەی سپای پاسداران و ملیشیاکانی کۆماری ئیسلامیدا، ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆککۆماری عێراق لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتووی عێراق ڕایگەیاند؛ کۆماری ئیسلامی بە بیانووی شەڕی داعش خەریکی پەرەپێادنی شەڕی فرقەییە لە عێراق و ئەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق داناوە، هەواڵدەریی رۆیتیرز لە زمانی ئەیاد عەلاوییەوە بڵاوی کردەوە کە ئێران بەتەمایە بە شکستدانی داعش هەموو خاکی عێراق بهێنێتە ژێر ڕەکێف ودەسەڵاتی خۆی و پرۆسەی سیاسی عێراق بە لاڕێ ببا.