له ئاکامی هێرشی هێزه ئه‌منی و ئینتیزامییه‌کانی رێژم بۆ سه‌ر خه‌ڵکی ئاوایی ئاق‌ده‌ڕه سه‌ر به شاری تیکاب له پارێزگای ورمێ، چه‌ندین که‌س له دانیشتووانی ئه‌و گونده بریندار و ده‌سبه‌سه‌ر کران.
زانیارییه‌کان باس له‌وه ده‌که‌ن که چه‌ند که‌س له برینداربووان ژنن، که به توندی بریندار بوون.
به پێی هه‌واڵی موکریان رۆژی پێنج‌شه‌ممه ڕێکه‌وتی ٢٥ی جۆزه‌ردان هێرشی هێزه ئینتیزامییه‌کان چه‌ندین که‌س له خه‌ڵکی ئه‌و گونده به هۆی لێدان و کوتان به توندی بریندار بوون و ژماه‌ره‌یه‌کیش ده‌سبه‌سه‌ر کراون.
به پێی ڕاپۆڕتی هه‌واڵده‌ریی موکریان به‌شێک له خه‌ڵکی ئاوایی ئاق‌ده‌ڕه هه‌ڵکه‌وتوو له ته‌نیشتی کانزای زێڕ له ناوچه‌ی تیکاب ماوه‌ی ٢٠ رۆژه که سه‌باره‌ت به بێکار کردنی کرێکارانی ئه‌و کانزایه و که‌مته‌رخه‌میی به‌رپرسانی پێوه‌ندیدار به شێوه‌ی هێمنانه ده‌ستیان داوه‌ته مانگرتن و خۆپێساندان به‌ڵام له پێش چاوی به‌رپرسانه‌وه هێزه ئینتیزامییه‌کان هێرشیان کرده سه‌ر خه‌ڵک و ژماره‌یه‌کی خه‌ڵکی بێ‌تاوانیان به توندی بریندار کردوه.
یه‌كێک له دانیشتووانی ئه‌و گونده له‌وباره‌وه ڕایگه‌یاند: ئه‌و کانزا زێڕه له زه‌وی وزاری دێهاتی ئه‌وان هه‌ڵکه‌وتووه‌و به پێی یاساش ده‌بێ زۆربه‌ی کرێکارانی کانزاکه خه‌ڵکی خۆجێی بن، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه ته‌نیا چه‌ند که‌س له خه‌ڵکی گوندی ئاق‌ده‌ڕه له‌وێ رێگه‌ێیان پێدراوه کار بکه‌ن ئه‌ویش به شێوه‌ی وه‌رزی و کاتی.
خه‌ڵکی ئاوایی ئاق‌ده‌ڕه به نیشانی ناره‌زایه‌تی ده‌ربڕێن به‌رانبه‌ر به بێکارکردنی خه‌ڵکی ئه‌و گونده ده‌ستیان دایه مانگرتن به‌ڵام نه‌ته‌نیا داواکارییه ڕه‌وا که‌یان جێبه‌جێی نه‌کراوه ، به‌ڵکوو له رۆژانی رابردوو چه‌ند که‌س له خۆپێشانده‌ران بانگهێشتی ئیتلاعات و ناوه‌نده ئه‌منیه‌کان کراون و هه‌ڕه‌شه‌یان لێکراوه که ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینیان ده‌چێته خانه‌ی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانییه‌وه.
شایه‌تحاڵێک به موکریانی ڕاگه‌یاند که دوای ئه‌وه خه‌ڵک گوێیان به هه‌ڕه‌شه‌کانی ناوه‌نده ئه‌منییه‌کان نه‌دا له ئاکام‌دا هێرشیان کرده سه‌ر خه‌ڵک و، ویستیان به زه‌بری زۆر بڵاوه به‌خه‌ڵک بکه‌ن و له ئه‌نجامی هێرشی هێزه ئه‌منیه‌کان چه‌ندین که‌س له خه‌ڵکی مافخوراوی گوندی ئاق‌ده‌ڕه به‌توندی بریندار بوون و ژماره‌یه‌کیش ده‌سبه‌سه‌ر کراون.
ساڵی ڕابردووش ١٧ که‌س له کرێکارانی کوردی ئه‌و کانزایه، به هۆی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین ، به سزای زیندان و قامچی لێدان له لایه‌ن دادگای که‌یفه‌ری شاری تیکاب مه‌حکووم کران.