لە گەڵ هاتنی وەرزی گەرما، بەشێکی زۆر لە دارستانەکانی شاری مەریوان لە ئاگردا سووتان.
لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، بەشێکی بەرچاو لە دارستانی “چاڵی سوور” و دەشتەکانی هەنگە ژاڵەو دەیمە جۆ” سەربە بەخشی سەر شیوی شاری مەریوان لە ئاگردا سووتان.
ئەو ئاگرکەوتنەوانە لە لایەن هێزە خەڵکییەکان و چالاکانی ژینگەپارێزیەوە کونتڕۆڵ و کوژێندرایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو ناوچانە لەلایەن پایگای گوندی”گڵە” تۆپباران کراوە و ئەو هەوڵەی نیزامییەکانی حکوومەتی بووەتە هۆی ئاگرگرتنی بەشێکی زۆری دارستانەکانی ئەو ناوچەیە.
ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە کاناڵی فەرمیی تێلێگرامی خۆیدا، ئەو ئاگرکەوتنەوانەی بە کارێکی “تێکدەرانی ژینگە” دەزانن.
ڕۆژی سێشەممە ٢١ی جۆزەردان، هەنگی سنووری لە سێ شوێنەوە لەوەڕگە و دارستانەکانی گوندی”چۆمان” سەربە شاری بانەیان بە ئەنقەست ئاگر تێبەردا.
ئەو هەوڵەی هەنگی سنووری ناڕەزایەتی دانیشتوانی گوندی چۆمانی لێ کەوتەوە و لەو پێناوەدا دێهیار و شوڕای ئەو گوندە، نامەیان بۆ پارێزگاری سنە و فەرمانداری شاری بانە و ناوەندە پەیوەندیدارەکان ناردوە و تەنانەت ٤ کەسیان لەو پێوەندییەدا بانگ کردوە و هەڕەشەیان لێکردەن.
دەوترێ، هەنگی سنووری پێشیان بە خەڵکی ئەو گوندە گرتووە، کە هەوڵی کونتڕۆڵ کردن و کوژاندنەوەی ئەو ئاگریان داوە و دەستیان بە تەقەی هەوایی کردوە.
دانیشتوانی گوندی چۆمان داوای پێڕاگەیشتنی دووبارەی ئەو مەسەلەیان لەلایەن بەرپرسانی پەیوەندیدارەوە کردۆتەوە.
هاووڵاتییانی کوردستان زۆرجار لەو بارەیەوە ڕایانگەیاندوە: زۆربەی ئاگرتێبەردانەکان لە لەوەڕگە و دارستانەکانی کوردستان لە لایەن دەست و پەیوەندییەکانی سەربە ناوەندە ئەمنیەتی و نیزامییەکان ڕوو دەدەن و بەو هۆیەوە ناوەندە پەیوەندیدارەکان هیچ هەوڵێک بۆ کونتڕۆڵ کردنی ئەو ئاگرتێبەردانە نادەن.