سپای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئامریكا سیستمێكی پێشكەوتووی مووشەكی دوورھاوێژ لە ئوردۆنەوە بەرەو باشووری سووریەی گواستووتەوە. سیستمی مووشەكی دوورھاوێژی “ھیمارس” لە نزیك فێرگەیەکی راھێنانەكانی ئامریكا و ھاوپەیمانان لە ناوچەی تانف جێگیركراوە.
سێ بەرپرسی باڵای وەزارەتی بەرگری ئامریكا ئەو ھەواڵەیان بۆ كەناڵی سی ئێن ئێنی ئەو وڵاتە پشت راست كردوە.
ئەو سیستمە مووشەكیە كە سیستمێكی كامیۆن ھەڵگرە، مەودای ٣٠٠كیلۆمیتری دەبێ. بۆ یەكەم جارە سپای ئامریكا سیستمی مووشەكی دوورھاوێژی ھیمارس لە باشووری سووریە بە مەبەستی تایبەت جێگیر دەكا.