کۆنگرەی ئامریکا لە دوایین دانیشتنی خۆیدا وێڕای جیاوازیی دەنگ، بەشێک لە گرێبەستی فرۆشتنی ٥٠٠ میلیۆن دۆلاری بۆمبی زیرەک و چەکۆچوڵی قورس بە سعوودیەی پەسەند کرد.
بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئامریکا لایەنگرانی ئەو گرێبەستە ڕایانگەیاندوە فرۆشی ئەو چەکوچۆڵانە ڕێگری لە پێگەی ئێران لە ناوچەکە دەگرێ، لە بەرانبەردا دژبەران ڕەخنەیان لە سعوودیە و هەڵسوکەوت و چالاکییەکانی گرتووە.
لەو کۆبوونەوەیەدا بە ٥٣ دەنگی بەڵێ لە بەرانبەر ٤٧ دەنگی نا، سەرەنجام لە کۆنگرە بەشێک لە گرێبەستی فرۆشتنی چەکوچۆڵ بە سعوودیە کە بڕەکەی ٥٠٠ میلیۆن دۆلارە پەسەند کرد.
دژبەرانی ئەم گرێبەستە پێیان وایە، لەوانەیە سعوودیە لەو چەکانە لە شەڕەکانی یەمەن و کوشتنی هاووڵاتیان مەدەنی کەڵکیان لێ وەربگرێ. باراک ئۆباما سەرکۆماری پیشووی ئامریکا پێشتر فرۆشتنی بۆمبی زیرەک بۆ سعوودیەی ڕاگرتبوو، ئەم بڕیارە پاش ئەوە هاتووە کە دەیان هاووڵاتیی مەدەنی لە ئەنجامی هێرشێکی هاوپەیمانیی عەرەبی لە یەمەن کوژران.
لەلایەکی دیکەشەوە دۆنالد ترامپ سەرکۆماری ئامریکا گرێبەستی چەکوچۆڵ لەگەڵ سعوودیە بە بووژانەوەی ئابووری و بردنەسەری دەرفەتی کار و پیشە لەقەڵەم داوە.
ئەم گرێبەستانە لە کاتی سەفەری ترامپ بۆ سعوودیە جێبەجێ کراون کە کاردانەوەی ئێرانیشی لێکەوتەوە.
شیمانەی ئەوە دەکرێ پاش سەفەری ترامپ بۆ سعوودیە و ئیسرائیل، خەریکە جۆرێک لە هاوپەیمانیی عەرەبی لەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران دروست ببێ و لە بەرانبەریشدا ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەڕەشەکانی دژ عەرەبستان چڕتر دەکاتەوە.
…………