دوای رووداوی ١٧ی جۆزەردان ، رێبەری نیزام لە پەیامێکدا بە کەڵک وەرگرتن لە دەستەواژەیەکی نیزامی بەناوی “آتش بە اختیار” کە هەمان دەس ئاوەڵەکردنی بەرپرسان و ئەفسەرانی نیزامی و ئەمنییە بۆ ڕووبەروو بوونەوەی بێ پرس و ڕا لە گەڵ هەرچەشنە جموجۆڵێک، ئەو فەرمانە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
بەشێک لە کارناسان بە هەڵسەنگاندنی لایەنە جۆراجۆرەکانی ئەو فەرمانە بە حوکمی حکوومەتی دەزانن بۆ پەرەپێدان بە سەرکوت و دەمکوت کردنی هەرچەشنە نارەزایەتییەک و گەڕاندنەوەی دۆخی ئەمنی ئێران بۆ دەیەی ٦٠ و یەکەم مەبەستیش کۆسپ خستنە سەر ڕێی دەوڵەتی یاساییە.
لە یەکەم چرکەساتی دەرکردنی ئەو فەرمانە لە لایەن خامەنەییەوە، لە زۆربەی شارەکانی کوردستان ڕەشبەگیری لاوان و کەسانی جێی گومان دەستی پێکرد.
هەروەها چەند شاری دیکەش وەکوو ئیسفەهان و شیراز کەسانێک دەستبەسەر و بانگهێشتی دادگا کراون.
عەلی موتەهەری لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی میللەت لەو بارەوە ڕایەگەیاند کە فەرمانی “آتش بە اختیار” دوولایەنەیە واتە ئەگەر بەرپرسانیش ئەرکی خۆایان بە باشی بەڕێوەنەبەن ،خویندکاران و لاوانیش ئەو مافەیان هەیە بێ ئیزن و ڕێگەپێدانی یاسایی، خۆپێشاندان و نارەزایەتی دەرببڕن.
لەو پێوەندیەدا موحسێن کەدیوەر جیابیر و توێژەری ئاینی وتی: فەرمانی دەس ئاوەڵە هێشتنی ئەفسەران وسەربازان تایبەت بە کاتێکە کە پێوندی فەرماندەران و هێزەکان، لە جەرگەی شەڕدا دەپچڕی، هەربۆیە فەرماندەکان پەنا دەبەن بۆ وەها فەرمانێک کە واتای دەبێتە تەقەی کوێر و بێ ئامانج کردن. ئەمەش نیشان لەوەیە کە وڵاتی ئێران تووشی بێ سەروبەرەی بووە و، رێبەری نیزامیش بە دەرکردنی وەها فەرمانێک دانی پێداناوە.
وتەبێژی دەوڵەتی روحانیش لەوبارەوە هەوڵیدا کە لایەنە ئەمنیەکەی ئەو فەرمانە کەم بکاتەوە و وتی: خراپ کەڵک وەرگرتنی سیاسی لەو فەرمانە زڵمێکی گەورەیە و نابێ ببێتە بیانوویەک بۆ هەرچەشنە هێرشێک.