ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەت لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، پاش ڕوودوای ئەم دوایانەی شاری تاران دەیان کەسیان دەستبەسەر کردوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگواستن.
دوای فرمانی خامەنەیی لە ژێر ناوی پێش بەردان و ئاوەڵەتر کردنی دەستی هێزە ئەمنییەکان کەشێکی ئەمنیەتی کوردستانی گرتووتەوە.
وەزارەتی ئیتلاعات بە بڵاوکردنەوەی بەیانیەیەک لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا باسی لە دەستبەسەرکردنی ٤١ کەس لە پارێزگاکانی کرماشان، سنە، ورمێ کردووە و ئەمە لە کاتێکدایە کە هێندێک لە ڕاگەیەنەکان باسیان لە دەستبەسەر کردنی ٧١ کەس کردووە.
لە بەیاننامەی ئەو ناوەندە ئەمنیەتیەدا هاتووە؛ کەسانی دەستبەسەر کراو سەر بە گرووپی”وەهابی داعش” ن و ئەو دەستبەسەرکراوانەی بە”تیمە عەمەلیاتییەکان و هەروەها لقە پەیوەندییدارەکان و بەشی تەداروکاتی ئەو گرووپە”ناوزەد کردووە.
بەپێی زانیارییەکان سێ کەس لە دەستبەسەر کراوەکانی شاری سەردەشت ناویان “سەلاح، ئاوارە و عەبدوڵقادر” بووە کە خەڵکی گەڕەکی”دۆڵتانچک”ی ئەو شارەن.
هەروەها سێ کەس لە دەستبەسەر کراوەکانی شاری ڕوانسەریش ناوەکانیان بریتین کە: بورهان موزەفەری، فەرمان(فاروق) و بەهمەن غولامی.
لە شاری پاوەش سێ کەس لە گیراوەکان ناوەکانیان یووسف بەهرامی، یاسر حەسەنزادە و ماکوان ئەحمەدی ڕاگەیەندراوە.
شایانی باسە ناوەندە ئەمنییەتییەکان تا ئێستاش لە ئاشکراکردنی شوناسی دەستبەسەر کراوەکان خۆیان بواردووە و لە ژمارە و شوناسی ورد و دەقیقی دەستبەسەرکراوەکان زانیارییەکی ورد و دروست لە بەردەست ڕاگەیەنەکاندا نیە.