یەکێک لە بەرهەمە تایبەتییەکانی فەریدوون ئەرشەدی، شاعێری ناسراوی کورد پلەی یەکەمی خەڵاتی نێودەوڵەتیی کتێبی کورد، (ئیبراهیم یوونسی) بە دەست هێنا.
بە پێی راپۆرتی کوردپا، “بەرد” بەرهەمی تایبەتی فەریدوون ئەرشەدی، شاعێری ناسراوی کورد خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی وڵاتی ئاڵمان، پلەی یەکەمی خەڵاتی نێودەوڵەتیی کتێبی کوردی(ئیبراهیم یوونسی) لە بەشی شێعری بەدەست هێنا.
“بەرد” بژاردەی ئەو شێعرانە لە خۆ دەگرێ کە فەریدوون ئەرشەدی لە ماوەی ساڵەکانی ١٣٦٥ هەتا ١٣٩٣ی هەتاوی هۆنیوویەتەوە.
پێشتریش ئەو شاعێرە کوردە ڕاگەیاند بوو: “ئەو کۆمەڵە شێعرە لە کاتێکدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، ئامادەی چاپ و موڵەتی چاپی ئەو کتێبەی پێدرابوو، بەڵام دەرفەتی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبەی نەبوو”.
فەریدوون ئەرشەدی، ساڵی ١٣٤٠ هەتاوی لە شاری سنە لە دایکبووە و لە ساڵی ٧٣ هەتا ٧٧ی هەتاوی وەکوو کارناسی فەرهەنگی و ئەدەبی لە شارەکانی سنە، سەقز، تاران و ورمێ خەریکی چالاکی بووە.
ناوبراو هەروەها چالاکی لە گۆڤارەکانی”سروە” و حەوتوونامەی “سیروان” و تەلەفزیوون کوردیدا لە کارنامەی ئەدەبی خۆیدا هەیە و لە ساڵی ٨٢ی هەتاوی لە وڵاتی ئاڵمان نیشتەجێ بووە.
ئەو شاعیرە کوردە، سەرەتا بە زمانی فارسی شێعری هۆنیووتەوە و لە ساڵی ٦٣ی هەتاوی بە دواوە، زۆربەی شێعرەکانی بە زمانی کوردی بووە.











