عادل جوبەیر وەزیری دەرەوەی عەرەبستان گوتی، قەتەڕ دەبێ چەند هەنگاوێکی نوێ هەڵبێنێتەوە بۆ ئەوەیکە چیتر پشتیوانی لە حەماس و کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین نەکا و دەبێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتە عەرەبییە گەورەکاندا باش بکاتەوە.
هەروەها جوبەیر گوتی، قەتەڕ دەبێ ئەوە باش بزانێ کە دەبێ چی بکا بۆ ئەوەی پەیوەندیەکانی باش لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا بکاتەوە.
وەزیری دەرەوەی عەرەبستان لە پاریس بە ڕۆژنامەنووسانی گوت، ” دەمانەوێ قەتەڕ ئەو بەڵێنانەی کە سەبارەت بە پشتیوانیکردنی کۆمەڵە توندڕەوەکان و راگەیاندنەکانی و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی تردا چەند ساڵێک لەمەوبەر داویەتی جێبەجێیان بکا.”
هەروەها ناوبراو دەڵی، بڕیارمانداوە کە هیچ وڵاتێک مافی ئەوەی نییە کە زیان بە وڵاتە بگەیەنێ بەڵام قەتەریش دەبێ پێبەند بە بەڵێنییەکانی بێ ، دوایین ڕێگەی خۆی هەڵبژێرێ.
شرۆڤەکارانی سیاسی هۆکاری سەرەکیی بایکۆتی چەند وڵاتی عەرەبی بۆسەر قەتەر بۆ پێوەندی ئەو وڵاتە لە گەڵ کۆماری ئیسلامی دەگەڕنەوە و بێ دەنگی ئەو وڵاتە لەهەمبەر دەستێوەردان و کێشەنانەوەی ئێران لە ناوچەکە.
بەرەی دژبە کۆماری ئیسلامی کە بە دەسپێشخەری عەرەبستانی سعوودی پێکهاتوە دوای سەفەری دوناڵد تڕامپ بەهێزتر کراو لە بەیاننامەی دەوڵەتی ڕیاز بە توندی بەرانبەر بە سیاسەت و پلانەکانی کۆماری ئیسلامی هەڵویست گیراوەو هەردوو وڵاتی ئەمریکاو عەرەبستان و هاوپەیمانەکانی لەسەر پێشگرتن لە زیدەخوازییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا سوورن.
شایانی باسە هەریەک لە وڵاتانی عەرەبستان و ئیمارات و میسر و بەحرەین و یەمەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەڕدا بەهۆی ئەوەی کە قەتەڕ پشتیوانی لە تیرۆر دەکا، پچڕاند.