دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران دوای چەند کاتژمیر خۆ لێی بێ ساحیب کردنی رووداوەکانی تاران واتە هێرشی چەکداری بۆ سەر مەجلیسی شورای ئیسلامی و هەروەها تەقینەوە لە گۆڕستانی خومەینی لە هەواڵەکانی کاتژمێر ٢ی پاشنیوەڕۆ باسی لە کوژارو و برینداربووانی ئەو رووداو گەلەی کرد.
زوڵفەقاری جێگری وەزیری نێوخۆی ئیران باسی لە چەند کەس کوژراو و ٣٥ برینداری کرد.
دوای بەدوای ئەو ، بەرپرسی ئۆرشانسی تاران هەواڵی گیانلەدەستدانی ١٢کەسی لە ئاکامی شەڕ و تەقینەوەکانی نێو مەجلیس و گۆڕستانی خومەینی پشتڕاست کردەوە.
دەنگدانەوەی رووداوەکانی تاران بەشێکی زور لە مێدیاکانی بە خۆی سەرقاڵ کردوە.
وەزیری دەرەوەی عەرەبستان نیو کاتژمێر دوای هێرشی چەکداری بۆ سەر مەجلیس و تەقینەوە لە گۆڕستانی خومەینی لە توئیتێکدا نووسی: دەوڵەتی تاران دەبێ بە هۆی پاڵپشتی کردنی لە تیرۆریسم و دەستێوەردانەکانی لە ناوچەکە تەمبێ بکرێ.
لە نێوخۆی وڵاتیش لە یەکەم هەڵوێستی بەرپرسانی رێژیم عەلی لاریجانی بەرپرسی پارلمانی ئێران بە تەوسەوە باسی لە هێرش بۆ سەر مەجلیس کردو وتی: هیچ لایەنێک ناتوانێ مەترسی بێ، بۆ سەر ئەمنیەت وئاسایشی وڵات.
هەروەها یەکەمجار هەواڵدەریی فارس باسی لەوە کرد کە رووداوەکانی رۆژی ١٧ی جۆزەردان کاری گرووپی داعشە، بەڵام تا ئەو کات هیچ لایەنێک وە ئەستۆی نەگرتبوو.
ئەگەرچی ماڵپەرەکانی داعش دوایی بە فەرمی ڕایانگەیاند کە هێرش بۆ سەر مەجلیس و حەرمی خومەینی کاری ئەوانە بەڵام شروڤەکارانی سیاسی ونیزامی لەوبارەوە دوو دڵ و دڕدۆنگن.
هێندێک کەس لە کارناسان ئەو ڕووداوە بە پیلانی باڵێک لە سپای پاسدارانی دەزانن بەتایبەتی دوای ئاکامی هەڵبژاردنەکان لە ئێران و جموجۆڵەکانی دژ بە ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.