پێش نیوەرۆی رۆژی ١٦ی جۆزەردان هەیئەتێکی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان پێکهاتوو لە خاتوو ئەوین زیلان ئەندامی پێوەندییەکانی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان و پێلین وان سەردانی سکرتاریای یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانیان کردو لە لایەن بەڕێوەبەری ئەو یەکیەتییەوە، بە سەرپەرەستی خاتوو سوهەیلا قادری پێشوازییان لێکرا.
مەبەست لەو کۆبوونەوەیە باس کردن و بیر و ڕاگۆڕینەوە لەسەر چۆنیەتی بەڕیوەچوونی کۆنفرانسێکی نەتەوەیی بۆ ژنانی هەرچوارپارچەی کوردستان بوو.
بڕیارە ئەو کۆنفرانسە لە داهاتوو بە بەشداریی ڕێکخراوی ژنانی هەرچوار پارچەی کوردستان بەڕێوە بچێ.
سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە بەشێک لە قسەکانیدا وێڕای پێشوازیی کردن لە کاری هاوبەشی ژنانی سەر بە ڕێکخراوە کوردستانییەکان، باسی لە گرینگی کاری هاوبەش کرد کە پلان و پرۆژە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان کاراتر دەکا و دەبیتە هۆی نزیکبوونەوەی لایەن و ڕێکخراوەکانی کوردستان و لەوبارەوەش ئامادەیی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات کوردستانی بۆ هەرچەشنە هاوکاری و هاوخەباتی دەربڕی.
لە کۆبوونەوەیەدا ژنانی هەردوو لایەن لەسەر چونیەتی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی هاوبەش لە نێوان ژنانی هەرچوار پارچەی کوردستان ڕاو تێبینی خۆیانیان باس کرد.
بڕیارە لە کۆبوونەوەیەکی دیکەدا کە بۆ ڕێکخراوەی ژنانی رۆژهەلاتی کوردستان پێک دێ، نوێنەرانێک بۆ بەشداریی کردن لە کۆنفرانسی هاوبەش هەڵبژێرن.