رێژەی خۆکوژییەکان بەتایبەتی لە نێو لاوان و ژنانی کوردستان بە شیوەیەکی سەرسوڕهێنەر لە بەرزبوون دایە.
لە حەوتووی ڕابردوودا نزیک بە دە رووداوی خخۆکوشتن لە شاروناوچەکانی کوردستان بەتایبەتی لە ناوچەی مەریوان وسەقز روویان داوە.
بەپێی هەواڵی بڵاوکراو لە کۆمەڵەی مافی مرۆڤ، رۆژی ١٥ی جۆزەردان لاوێکی دیکە بەناوی بێهزاد شەریفپوور، دانیشتوی ئاوایی کاکەوسان سەر بەناوچەی خۆڕخۆڕەی سەقز لە ڕیگەی خۆکوژییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
ناوبرا نیزیک بە دوومانگە ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و زانیارییەکان هۆکاری ئەو خۆکوشتنە بۆ گرفتی ماڵی وخێزانی دەگەڕنەوە.
هەروەها لە گەورەدێی شەریفئاوای ناوچەی چلچەمەی دیواندەرەش لە ماوەی ١٠ رۆژ دوو کەسی خەڵکی ئەو گەورەدێیە پەنایان بۆ خۆکوشتن بردوەو گیانیان لە دەستداوە.
وەک لە هەواڵەکانی دیکە باس کرا، لە چەند رۆژی لەمەوپێش ، لە شاری مەریوان و مەهاباد دوو ژن دەستیان لە گیانی خۆیان بەرداو، کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.
روانگەی داخراوی سوننەتی و دووچاوەکی بەسەر ژنان و کچان، هەروەها بێ هێوایی بە داهاتوو و دەسکورتی و بێ دەرەتانی لە هۆکارگەلی سەرەکیی خۆکوژییەکانن لە کوردستان.
بانترین رێژەی خۆکوشتن لە ئێران هی ئیلام و کرماشان دوو پارێزگای کوردستانە.