ژنڕاڵ مەک مستێر ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ڕایگەیاند دەبێ لە گەڵ تیرۆریزمی رێژیمی ئێران و کێشەنانەوەی لە ناوچەکە بەربەرەکانی بەکرێ.
ناوبراو وێڕای ئاماژەدان بە ئەوە کە کۆماری ئیسلامی لە تیرۆریسم پاڵپشتی دەکا و خەریکی سازکردنی چەکی ناوکییە، لەو بارەوە گوتی: رێژیمی ئێران گەورەترین پشتیوانی تیرۆریزمی دەوڵەتییە. دەوڵەتی تاران بە هەناردنی چەکوچۆڵ بۆ میلیشیاکانی لە ناوچەکە ، سەقامگیری وڵاتانی تێکداوەو هەر بۆیە پێویستە بە توندی پێش لێ بگیردرێ.
ژنڕاڵ مەک مستێر بە سەردانی کردنی تڕامپ لە پێتەختی عەرەبستانی سعوودی ئاماژەی کردو وتی: هەوڵێکی هەمەلایەنە هاتووتە ئاراوە بۆ ئەوەی لە درێژەی بەرەبەرەکانی کردن لە گەل تیرۆریزم، سەرچاوە ماڵییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە ناو ببەین .بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ لە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران گوشاری زیاتر بخرێ.
هەروەها هربێرت رێموند مەک مستێر باسی لەوەکرد کە تڕامپ ئامادەیە بۆ بەرەبەرکانی لە گەڵ کاولکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لە سووریە و پشتیوانی کردنی لە دەوڵەتی ئەسەد، یارمەتیدەری وڵاتانی ناوچە بێ.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ؛ پێشگرتن لە دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی ناوچە و شەڕ لە گەڵ داعش و ئەلقاعیدە وەک یەک زانی و باسی لەوەکرد کە دەوڵەتی تڕامپ رێگە نادا کە دەوڵەتی تاران لە وڵاتانی دیکە دەستێوەردانی هەبێ.
ناوبراو لە پرێس کونفرانسێکدا ڕایگەیاند دوناڵد تڕامپ وڵاتانی عەرەب و موسڵمان هان دەدا کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و ملیشیاکانی ئەو رێژیمە کە بونەتە هۆی نائەمنی ناوچەکە و مەترسین بۆسەر ئاشتەوایی جیهان بەربەرەکانی بکەن.