نوێترین قوربانیی تەقینەوەی مین لە کوردستان ” پەرویز مەلەکی”یە کە دەگوترێ کارمەندی ناوندی مینهەڵگرتنەوەی پارێزگای ئیلام بووە. لەو ڕووداوەدا ناوبراو لە کاتێکدا خەریکی پووچەڵکردنەوەی مینێکی m١٤ بووە، مینەکەی پێدا تەقیوەتەوە و ناوبراو ئێستا لە نەخۆشخانەی ئیلام لەژێر چاودێریی پزیشکی دایە.
برینداربوونی پەرویز مەلەکی بەهۆی تەقینەوەی مین لە دێهلوڕان لە حاڵێکدایە کە حەوووی ڕابردووش تەقینەوەی مین لە ناوچەی”دەشتی عەباس” سەر بە شاری دێهلوڕان، بوو بە هۆی برینداربوونی کەسێک بەناوی “ڕەحمان بازیار”.
ساڵی رابردووش لە کوردستان ٥٢ کەس بوونە قوربانیی تەقینەوەی مین و بەو هۆیەوە گیانیان لە دەست دا، یان بریندار و نقوستان بوون.
بەپێی ئامارە ڕەسمییەکان نیزیک بە ١٦ میلیۆن مینی لەکارنەخراو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر زەویدا ماونەتەوە و سەرەڕای تێپەڕینی ٢٨ ساڵ بەسەر کۆتایی شەڕی ئێران و عێڕاق دامودەزگا حکومەتی و دەوڵەتیەکان هەوڵێکی ئەوتۆیان بۆ کۆکردنەوە و لەکارخستنی ئەو مینانە لە کوردستان نەداوە.