رۆژی ١٥ی جۆزەردان دوابەدوای پچراندنی پێوەندی لەگەڵ دەوڵەتی قەتەر لە لایەن وڵاتی بەحرەین، چەند وڵاتی دیکەش پەیوەست بوون بە هەڵوێستی بەحرەین و پێوەندی دیپلوماسی و ئابووری خۆیانیان لەگەڵ قەتەر پچڕاند.
ئەمە نوێترین و دیارترین هەڵوێستی چوار وڵاتەی عەرەبییە بە دژی قەتەر بەدوای سەرهەڵدانی ناكۆكییەكان لەسەر لێدوانێكی شێخ تەمیم حەمەد ئالسانی ئەمیری ئەو وڵاتە.
ئاژانسی هەواڵەكانی قەتەر لێدوانێكی شێخ تەمیمی بڵاوكردەوە، كە تێیدا پشتیوانی بۆ حەماس و حزبوڵاو ئیخوان موسلیمین و ئێران راگەیاند، ئەمە توڕەبوونی عەرەبستان و ئیمارات و بەحرێن و بەدوایدا میسریشی لێكەوتەوە.
هەواڵدەریی فەرمی بەحرەین “بنا” بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە هەواڵی پچرانی پێوەندی بەحرەین و قەتەری بڵاو کردەوە.
بە پێی ئەو هەواڵە دەوڵەتی مەنامە، قەتەری بە دەستێوەردان لە کاروباری ئەو وڵاتەو تێکدانی ئەمنیەتی نەتەوەیی وڵاتی بەحرەین تاوانبار کردوە.
بە پێی ئەو بڕیارە دەوڵەتی بەحرەین ٤٨ کاتژمێری مۆڵەتی داوە بە دیپلۆماتەکانی قەتەر، کە ئەو وڵاتە بە جێبهێڵێن.
دوابەدوای بڕیاری بەحرەین، عەرەبستانی سعوودیش ڕێگەی هاتووچۆی نیوان وڵاتەکەی و وڵاتی قەتەری داخست و بە دانیشتوانی خەڵکی قەتەریش هوشداری داوە تا ١٤ رۆژتر دەبێ لە خاکی عەرەبستان بچنە دەرەوە.
هاوكات قەدەغەكردنی سەفەری هاووڵاتیانی ئەم سێ وڵاتە بۆ قەتەر بۆ مانەوە یان تێپەڕین پێیدا، داخستنی سەرجەم دەروازە وشكانیی و ئاویی و ئاسمانییەكان لە ماوەی 24 كاتژمێردا لە پێش گەشتەكانی هاتن و چوون بۆ قەتەر.
بەرەی وڵاتانی عەرەبی بە رێبەری عەرەبستان وڵاتی قەتەریان بە پاڵپشتی ئەلقاعیدە و داعش و حزبوڵڵا تاوانبار کرد.
وڵاتی میسرو ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ڕایانگەیاند کە هەموو پێوەندیەکانی خۆیانیان لە گەڵ قەتەر ڕاگرتوە.
بە داخستنی دەروازەی وشكانی سعوودیە، قەتەر بە تەواوی گەمارۆ دەدرێت لە ڕووی وشكانییەوە، كە تاكە دەروازەی وشكانییە قەتەر بە جیهانی دەرەوەی دەبەستێتەوە.