یەکێک لە بەرپرسانی تەلەڤزیونی کۆماری ئیسلامی پێوەندی دەگەڵ بڵاو بونەوەی موناجاتی “ڕبنا” بە دەنگی محەممەد رەزا شەجەریان، هێندێک خاڵی وەکوو مەرج باس کرد کە یەکێک لەو خاڵانە ئەوەیە کە شەجەریان دەبێ داوای لێبوردن، لە نیزام بکا.
بە پێی ڕاپۆرتی بی بی سی، مورتەزا میرباقری جێگری بەشی دەنگ ورەنگی تەلەڤزیونی ئێران هۆکاری بڵاونەبوونەوەی موناجاتی “ربنا”ی بۆ شێوەی هەڵسوکەوت و هەڵوێست گرتنی ئەو هونەرمەندە گەڕاندەوە و، وتی ناوبراو لە رووداوەکانی ٨٨ی هەتاوی تووشی هەڵەیەکی گەورەبووە.
شایانی باسە نزای ڕەبەننا ساڵانێکە لە ئێران دوای بانگی ئێوارە لە مانگی رەمەزان بڵاو دەبووە، کە لە ساڵی ٨٩ی هەتای بەولاوە بڵاوبونەوەی لە دەنگ ورەنگی کۆماری ئیسلامی ڕاگیرا.
مامۆستا شەجەریان گەورە هونەرمەندی بەناوبانگی فارس لە دوای هەڵوێست گرتن و وەدەنگ هاتنی لە هەمبەر ڕووداوەکانی ٨٨ی هەتاوی ، نە رێگەی پێدراوە کۆنسیرت بەڕێوەببا و نە تەلەڤزیونی ئێران دەنگ ورەنگی بڵاوکراوەتەوە.
لە پێوەندی لە گەڵ دەنگی شەجەریان و موناجاتی “ربنا” چەن کەسی دیکەش لە دەمڕاستەکانی نیزام نارەزایەتیان دەربڕیوە.
محەممەد جەواد لاریجانی پێشتر گوتبووی بڵاوکردنەوەی “ربنا” بە پێچەوانەی یاسای شەرعییە.
محەممەد رەزا شەجەریان پێش رووداوی ساڵی ٨٨ی هەتاویش لە نامەیەکی سەرئاوەڵە نارەزایەتی خۆی لە شێوەی هەڵسوکەوتی دەنگ ورەنگی کۆماری ئیسلامی لە گەڵ مووسیقی و بەتایبەتی بەرهەمەکانی خۆی دەربڕی و ،ڕایگەیاند کە چیتر دەنگ ورەنگی کۆماری ئیسلامیی ئیرانی ئیزنی بڵاوکردنەوەی ئاوازەکانمی نیە.
شایانی باسە هونەرمەند محەممەد ڕەزا شەجەریان بە نیشانەی نارەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە سەرکەوت کردنی خەڵکی ناڕازی لە ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٨٨ی هەتاوی و کوشتن و بریندار کردنی دەیان کەس لە خۆپێشاندانەکان بە دەستی هێزە ئەمنییەکانی رێژیم بەڕاشکاوانە پاڵی دا بەخەڵک و لەو بارەوە هەڵوێستی گرت و ئاوازی بەناوبانگی “تفنگت را زمین بگذار” ی لەو کات وساتە تۆمار کرد.