بە هۆی ڕووداوێکی دڵتەزێن ژنێکی لاوی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی شەهین مەنسووری لە تەمەنی ٢٥ ساڵی دا لە شاری یۆتێبۆری وڵاتی سوید گیانی لە دەست دا.
شەهین مەنسووری کچی کاک ستار مەنسووری و خاتوو زارا خاتری، لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێردا ، لە باشوور کوردستان لە دایک بوو.
بنەماڵەی شەهین و نەنک و باپیری شەهین دەیان ساڵ لە ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان دا خزمەتیان بە شۆڕش و خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان کرد.
شەهین،ی جوانەمەرگ لاوێکی خۆشەویست و تێگەشتووی کورد بوو، کە بە بڕینی پلەکانی خویندن لە وڵاتی سوید، چاوی هیوای زۆر کەسی بڕیبووە خۆی. ناوبراو مرۆڤێکی تێکۆشەر و خاوەن هەڵوێست بوو و لە زۆربەی کاروچالاکییەکانی پەیوەندیدار بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد لە سوید بەشداری دەکرد.
بە داخەوە مەرگ مەودای نەدا ئاوات و ئارەزووەکانی بێنە دیی و لە تەمەنی لاوی دا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ناوەندی هەواڵی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی نابەوەختی خاتوو شەهینی جوانەمەرگەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی بنەماڵە و کەس وکاری بە تایبەت هاوڕێیانی ئازیزمان کاک ستار و خاتوو زارا و دایە فاتمە و خاڵۆ حسێن خاتری” حسێن ژاندرم” دەکەین و خۆمان لە خەم و پەژارەیان دا بە شەریک و بەشدار دەزانین.