پێشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ڕیکەوتی ١٠ی جۆزەردان لە یەکێک لە سالۆنەکانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان رێورەسمی پرسەو سەرەخۆشی دایکی ئەحمەد سادقپوور، ناسراو بە سۆفی ئەحمەد پێشمەرگەی دێرینی نیو سەنگەرەکانی دێموکرات، بەڕێوەچوو.
ئەو ڕێورەسمە بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزب هەروەها مێوانانی دەرەوەی حیزب بەڕێوەچوو، سەرەتا کەماڵ کەریمی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە نوێنەرایەتی لە دەفتەری سیاسییەوە چەند وتەیەکی پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
کەماڵ کەریمی بە باس کردن لە سەر ژیان و خەباتی ئەحمەد سادقپوور،وەک پێشمەرگەیەک کە قوناخە سەختەکانی خەباتی بینیوە و، دایکی ناوبراویش دایە ئامین کە لە پێناوی کوڕە پێشمەرگەکەی تووشی چیها ئازارو مەینەت بووە لەو بارەوە بۆ بەشداران دوا.
کەماڵ کەریمی وەکوو هاوسەنگەری سوفی ئەحمەد لە پێوەندی لەگەڵ دیدارو چاوپێکەتنی لە گەڵ خاتوو ئامین کە هەردەم بە دڵگەورەییەوە سەردانی کوڕەکەی دەکرد و ورە و باوەڕی بە هاوسەنگەر و دۆستانی کوڕەکەی دەبەخشی ، دڵفەراوانی و روح سووکی دایە ئامینی بەرزنرخاند.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وێڕای ئاماژەدان بە ئەمەگناسی خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی هی ناوچەی شنۆ کە لە کاتی پێویست تێکۆشەرانی خۆیان فەراموش ناکەن و ،لە دواییانەدا لە کاتی نەخۆش کەوتنی دایە ئامین بە سەردان کردنی لە نەخۆشخانەو، هەروەها بەشدارییان لە ڕیورەسمی ناشتن و سەرەخۆشییەکەی هەم حورمەتی ئەو ژنە خۆڕاگرەیان ڕاگرت، هەم وەفادارییان بۆ تێکۆشەرانی دێموکرات نواند.
کەماڵی کەریمی لە کۆتایی وتەکانی دا ، بە نوێنەرایەتی حیزب و بنەماڵەی ئەحمەد سادقپوور سڵاو وحورمەتی پێشکەش بە خەڵکی دێموکراتدۆستی کوردستان کرد.
شایانی باسە دایە ئەمین دایکی پێشمەرگەی دیرێنی دێموکرات ئەحمەد سادقپوور لە بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە ٨ی جۆزەردان دوای تەمەنێک سەربەرزانە، بە هۆی نەخۆشی ماڵاوایی لە ژیان کرد.