رۆژی ١٣ی بانەمەڕ کچێکی خەڵکی مهاباد بە ناوی فەریناز خوسرەوانی لە دایکبووی ١٣٦٨ی هەتاوی و لیسانسی کۆمپیوتەر و کارمەندی هۆتێل “تارا”ی مهاباد لە ترسی ئەوە کە مەئموورێکی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی کۆماری ئیسلامی دەستدرێژی نەکاتە سەری لە پەنجەرەی نهۆمی چوارەمی ئەم هۆتێلە خۆی فرێدەداو و بە شێوەیەکی دڵتەزێن گیانی لە دەست دەدات .
فەریناز کچە کوردی بە ناحەق کوژراو، بوو بە قوربانی سات و سەودایەک کە بەرپرسی ئەم هۆتێلە کە بۆ مەبەستی قازانجی مادیی و گەورە کردنەوە و بوون بە هۆتێلێکی پێنج ئەستێرە ، ویستی کایە بە نامووس و شەرەفی کچێک بکات و لەگەڵ مەئمورێکی رێژیمی تاسەر ئێسقان دژ لەگەڵ مرۆڤایەتی دەسەتیان دایە دەستی یەک و بە تەڵەکە لە ژوورێکی نهۆمی چواری هۆتێلەکەیدا دەرگا لەسەر فەریناز و ئەم مەئموورەی رێژیم دادەخا و پێی وایە کە دەرگا داخرا ئیتر فەریناز ناتوانێ لەچنگی ئەوان دەربازی بێت و ئیتر خۆی بە دەستەوە دەدات. بەڵام فەریناز مردنێکی سەربەرزانە هەڵدەبژێرێ و ناهێڵی دەستی ناحەزو ناپاکی مەئمووری ئیتلاعات بیگاتێ و بە کۆتایی هێنان بە ژیانی خۆی، نامووسی خۆی پاراست و پاکیزەیی خۆی نەخستە ژێر پێی دوژمنانی مرۆڤایەتی.
راستە ئەمە یەکەم جینایەت و کۆتا جینایەتیش نابێ کە رێژیمی کۆماری ئیسلامی و دارو دەستە زەبوونەکەی دەرحەق بە کچان و ژنانی ئەم وڵاتە کردویانەو دەیکەن، بەڵام گرینگ ئەوەیە ئیتر چیدیکە خەڵکی کوردستان، ژنان و پیاوان، کۆمەڵگای مەدەنی و فەرهەنگی، مامۆستایان، بازاڕیان، خوێندکاران و بەتایبەتی خەڵکی هەمیشە بە هەڵویست و خاوەن مێژووی شاری مهاباد بێهەڵوێست و بێدەنگ نەبن و لە بەرامبەر ئەم جینایەتە و بە حەرەکەتی شیاوی کۆمەڵگای کوردی کە هەمیشە پێشەنگ بوون بۆ ئازایەتی و ناحەقی قوبووڵ نەکردن بێنە دەنگ و دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان تا بە سزا گەیاندنی بەرپرسیارانی ئەم جینایەتەو رێژیمە دژە ئینسانیەکەی چیدیکە شاهیدی زوڵم و زۆر و گیان لێئەستاندنی ژنان وکچانی وڵاتەکەمان نەبن .
بێگومان لەو نێوەشدا ئەرکی چالاکانی ژن بە تایبەتی و دەزگای دادوەریی و نوێنەرانی کوردی مەجلیس بەرچاوتر و بەرهەستترە کە دەبێ دەنگی خەڵکی کوردستان بن و نەهێڵن خوێنی بە ناحەق رژاوی فەریناز بە فیڕۆ بڕاوت و بکەرانی ئەم جینایەتە سامناک و جەرگبڕانە وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچن و تۆڵەی ئەم هەموو خوێنە بە ناحەق رژاوەی ژنان بکەنەوە و بکەرانی بگەیەننە سزای خۆیان و تا ئەم کاتەش لە هەوڵدان نەوەستن .
ئێمە وەک یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان ئەم جینایەتە دڵتەزێنە مەحکوم دەکەین و داوا دەکەین کە فەریناز و فەینازەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان چیدیکە تەنیا نەبن و خەڵکی کوردستان و بە تایبەتی ژنانی هەمیشە بوێری کورد یەکگرتوانە دەنگی نارەزایەتی خۆتان هەڵبرن و جینایەتکاران بە سزای خۆیان بگەیەنن . وەختی هاتوە کە چیدیکە ژنان لەبەرامبەر ئەو هەموو زوڵم و زۆر و خەفەقانەی کە ئەم ریژیمە دەرحەق بە ئەوان کردوویەتی و ژیانی بۆ کردوون بە دۆزەخ هەڵوێستیان هەبێ .داوا لە خەباتکارانی مەدەنی و رێکخراوەکانی ژنانی کورد دەکەین کە یەک دەنگ و یەکگرتوانە دژی ئەم پیلانە تا سەر ئێسقان دژە ئینسانیە دەنگ هەڵبڕین و ئەم ریساییە چیدی پەرەپۆش نەکری .
یەکیتی ژنانی دێموکراتی کوردستان
١٦ی بانەمەڕی ١٣٩٤