لە حاڵێکدا مامۆستایانی قوتابخانەو خوێندگەکانی بۆکان وەک هەموو شارەکانی دیکە خۆیان بۆ بەردەوامیی مانگرتنەکانیان رێک دەخەن، نوێنەری ئەو شارە دەڵێ ئەو کۆڕو کۆبوونەوانە بە زەرەری مامۆستایانن.
قەسیم عوسمانی، نوێنەری شاری بۆکان دەڵێ ناڕەزایەتی دەربڕینی مامۆستایان جێبەجێبوونی ویستو داواکانیان دوا دەخا، لە لایەکی دیکەشەوە دەیان مامۆستای کورد لەو شارە بەهۆی راگەیاندنی مانگرتنی گشتیی بانگ کراونەتە ئیدارەی ئیتلاعات.
قەسیم عوسمانی دەڵێ ڕاستە داوای مامۆستایانو فەرهەنگییەکان ڕەواو حەقی ئەوانە، بەڵام داواکردنی داوا بە ڕێگای ناقانوونی کێشەیان بۆ دروست دەکاو جێبەجێبوونی داواکانیان دوا دەخا، بەڵام ناوبراو نەیگوت لە کوێ ناڕەزایەتی دەربڕین و داواکردنی مافی سینفییەکان ناقانوونییە.
هاوکات ڕاگەیەندراوە کە سبەی پێنجشەممە ١٧ی بانەمەڕ، مانگرتنی گشتی لە بەردەم ئیدارەکانی پەروەردەو بارهێنانی سنەو ورمێو زۆرێک لە شارەکانی دیکەی کوردستانو یەک لەوان بۆکان بەرێوە بچێو ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان لەو پێوەندییەداو بۆ رێگری کردن لەو کۆبوونەوەیە دەیان مامۆستای بانک کردووەو هەڕەشەیان لێکردوون.
کۆبوونەوەی مامۆستایان لە سبەی پێنجشەممە رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕ، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە بارودۆخی نالەبارو قەیراناویی زاڵ بەسەر پەروەردە و بارهێنانی ئێرانو کوردستان و هەروەها وەڵامدەر نەبوونی دەوڵەتی روحانیو مەجلیس بەو ناڕەزایەتییانە، بەڕێوە دەچێ.
شایانی باسە لە چەند مانگی رابردوودا، مامۆستایانو فەرهەنگییان لە کوردستانو ئێران چەند جار بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە بارودۆخی نالەباری ژیانو ئابووریو گوزەرانی خۆیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان وەڕی خستوەو داوای کۆتاییهێنان بە هەڵاواردنو نابەرابەریی نێوان مامۆستایانو باقی کارمەندەکانی دەوڵەتیان کردوە، داوایەک کە تا ئێستا بێ وەڵام ماوەتەوە.