لە ڕەوتی بەردەوامیی ئاگرکەوتنەوەکان لە دارستان و لەوەڕگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، بەشێک لە دارستان و لەوەڕگەکانی ناوچەی سەوڵاوا لە ئاگردا سووتان.
ڕۆژی یەکشەممەی ئەو حەوتوویە، بەشێک لە دارستانەکانی چیای کاڵیسەر لە ناوچەی ژاوەرۆی سەوڵاوا لە ئاگردا سووتان.
ئەو ڕووداوە لە پشتی گوندی بۆڕیەر ڕوویداوە و بەشێک لە دارستان و لەوەڕگەکانی ئەو کێوە لە ئاگردا بوونە خەڵووز.
هەروەها لە هەمان ڕۆژدا، ئاگر لە دارستان و پووش و پاوەنی گوندی ڕەزاو”لە چیای کۆساڵان بەردرا و بەشێک لەو دارستانە بوونە سووتمانی ئاگر.
لە حەوتووی ڕابردوودشدا، دارستانەکانی کەبیرکێوی سەربە پارێزگای ئیلام دووجار تووشی ئاگرکەوتنەوە بوون و زیاتر لە ٣٠ هێکتار دارستان و لەوەڕگەی ئەو ناوچەیە سووتان.
ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لەو پێوەندیەیدا ڕایگەیاند کە، لە یەک دەیەی ڕابردوودا، دارستانەکانی زاگرۆس بە بەردەوامی لەگەڵ دیاردەی ئاگرکەوتنەوە بەرەوڕوو بۆتەوە و زیانێکی قەرەبوونەکرای بەرکەوتووە.
ئەو ئەنجومەنە ژینگەپارێزە لە درێژەدا گوتی، لە تەواوی ئەو ساڵانەدا بەرپرسانی پێوەندیداری ڕێژیم لە جیاتی دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ کونتڕۆڵ کردنی ئەو ئاگرکەوتنەوانە، زۆر جاران چاوپۆشیان لەو کارەساتەیان کردوە و ڕیژە و ژمارەی ئەو ئاگرکەوتنەوانەیان بە دروستی ڕانەگەیاندوە.
شایانی باسە لە حەوتووی ڕابردوو بە دەسپێ کردنی وەرزی گەرما ئاگر لە دارستان و جەنگەڵەکانی چەند شوینی دیکەی کوردستان بەردرا.
لەو پێوەندییەدا بە هۆی ئاگربەربوون لە بێشەڵانەکانی بناری “کەویر کۆ” لە پارێزگای ئیلام پتر لە ٣٠ هێکتار لە گەنمەجاڕی ئەو ناوچە سووتا.